سروه ره‌سووڵ: چه‌ند پێشنیارێكمان داوه‌ته سودانی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان

هه‌ولێر- KDP.info- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا پێكهاتووه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان و ده‌شڵێ، ژماره‌یه‌ك پێشنیارمان داوه‌ته سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق.
سروه ره‌سووڵ، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ناوه‌ندی هاوبه‌شی قه‌یرانه‌كان به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند، "مانگی ئابی رابردوو كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای داڕشتنی پلانی مرۆیی له به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو له‌باره‌ی چاره‌كردنی پرسی ئاواره‌كان، چه‌ندین خاڵ له‌باره‌ی پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان تاوتوێكران و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان خرانه‌ڕوو.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ناوه‌ندی قه‌یرانه‌كان ده‌شڵێت، "ژماره‌یه‌ك پێشنیار دراوه‌ته سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ چاره‌كردنی پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان ئه‌وانیش جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنی شنگال و چاره‌كردنی كێشه‌ی یاسایی به‌ڵگه‌نامه‌كانی ئاواره‌كان و ره‌وشی ئه‌منی ئه‌و ناوچانه‌ی ئاواره بۆی ده‌گه‌ڕێنه‌وه و گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری و چه‌ندین خاڵی دیكه‌ش.
سرووه ره‌سووڵ روونی كرده‌وه، "ئێمه چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقین بۆ په‌سه‌ندكردنی پێشنیاره‌كان و دوای په‌سه‌ندكردنیان لیژنه‌ی هاوبه‌ش كار بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان ده‌كات، چونكه پێویسته ڕێگه خۆشبكرێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌هێڵین، سیاسه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ پرسی ئاواره‌كان ئاشكرایه و ده‌مانه‌وێ ئاسته‌نگه‌كان چاره بكرێن و دواتر پرۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان به‌ڕێوه‌بچێت.
قائید میرۆ




