٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری بازرگانی بۆ KDP: ئەوەی سبەی ڕەوانە دەکرێت بەشێکی پارەی جووتیارانە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای ھەوڵێکی زۆر توانرا ڕەزامەندی بدرێت بۆ ناردنی پارەی گەنمی جووتیاران و ئەم ھەفتەیە بەشێکی پارەی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکرێت، کە نزیکەی ٥٠٠ ملیار دینار لای بەغدا ماوە.

کەمال موسلیم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ھەوڵێکی زۆر درا بۆ ئەوەی ئەو پارەیەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، کە لای بەغدا ماوە و نزیکەی ٥٠٠ ملیار دینارە، توانرا ڕەزامەندی بدرێت بۆ ناردنی گوژمەیەکی پارەکە و بڕیارە سبەی یەکشەممە حکوومەتی عێراق ڕەوانەی بکات.

موسلیم گوتیشی، بڕیارە حکوومەتی عێراق ھەموو پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بە یەک جار ڕەوانە نەکات و ئەوەی سبەی ڕەوانە دەکرێت، بەشێکی پارەی جووتیارانە، چونکە نزیکەی ٥٠٠ ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان لە لای حکوومەتی عێراق ماوە و ڕەوانەی نەکردووە.

وەزیری بازرگانی باسی لەوەش کرد، بڕیارە ھەر ئەم ھەفتەیە لە چوارچێوەی ناردنی پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستاندا، پارەی گەنمی جووتیارانی ھەردوو پارێزگای کەرکووک و نەینەواش ڕەوانە بکرێت، چونکە ئەوانیش ھەموو پارەکەیان وەرنەگرتووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ھەفتەی ڕابردوو وەزیری بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕەزامەندیی داوە بەم زووانە پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات و لەم ھەفتەیەشدا دەست بە ناردنی پارەکە دەکرێت، چونکە بەغدا ئەمساڵ  ٧٠٠ هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەرگرتووە و پارەی بەشێک لەو گەنمەی ڕادەستی کرابوو، ڕەوانە نەکردووە.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار