٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کوردانی تاراوگە بۆ KDP: ئێمە سەربەرزین كه‌ کوردستان بەردەوام لە پێشکه‌وتن دایه‌

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- کوردانی تاراوگە لە ئەڵمانیا و سوید و بەریتانیا، له‌ ڕێگه‌ی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ دڵخۆشی خۆیان به‌ پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستا ده‌رده‌بڕن و باس لەوە دەکەن كه‌ هه‌رێمی كوردستان ھەنگاوی مه‌زنی ناوه‌ لە بەھێزبوونی سیاسەتی دەرەوە و دیبلۆماسییەت و ئاسایشی خۆراک و سامانی ئاو، ھەروەھا بنیاتنانی ڕێگاوبان و باڵەخانەکان بە سیستەمی نێودەوڵەتی، ئەمەش وایكردووه‌ دەوڵەتان خواستی بوونی پێوەندییەکی بەھێزیان ھەبێت لەگەڵی.

سه‌ره‌تا خۆشناو عەبدوڵڵا، كه‌ دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیایه‌، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "خۆشحاڵین دەبینین تەواوی ئەو قەیرانانەی دەھاتنە پێش یان بۆیان دروست دەکرا، حکوومەت بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی، ھەموویانی تێپەڕاند و بەردەوام وڵات لە گەشەکردندایە، ئەوەی لە کوردستان دەیبینین جێگای سەرسوڕمانە بەو ئیمکانیاتە کەمەوە بەڵام کاری گەورە کراوە".

ھەروەھا دەڵێ: "کوردانی تاراوگە کاتێک دەگەڕێینەوە کوردستان بەڕاستی نای ناسینەوە، شارەکان لە فراوانبووندان، ڕێگاوبانی نێودەوڵەتی دروستکراوە، خۆم کاتێک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر دابەزیم، چاوم کەوت بە ڕێگاوبانێکی جوان و فراوان و پاک و خاوێن، بەڕاستی خۆشحاڵین ساڵ بە ساڵ وڵاتەکەمان لە گەشەکردندایە".

ھاوکات ڕۆشنا زەنگەنە كه‌ ئەندازیاری تەکنەلۆژیایه‌ و دانیشتووی وڵاتی بەریتانیایه‌، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌ڵێت: "پڕۆژەی ھەژماری من زۆر گرنگە، بڕوا ناکەم لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست شتی واھەبێت کە کوردستان دەستی پێکردووە، بەرەو مستەوایەکی باش ھەنگاو دەنێین، من لە ماوەی ڕابردوو لە بەریتانیا سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانیم بینی، لەو گفتووگۆیەی لەگەڵی ئەنجاممدا بەڕاستی گەشبینین بە وڵاتەکەمان، پارێزگاری لە سامانی سروشتی ئاو و دروستکردنی پۆینت و بەنداوی گەورە دەکات".

زەنگەنە دەشڵێت: "گۆڕانکاری گەورە لە کەش و ھەوای جیھان ھەیە، کێشەی ئاو دروست دەبێت، بەڵام دەبینین پلانی حکوومەتی خۆمان ئەوەیە پارێزگاری لەم سامانە بەنرخە بکات، ھەروەھا ئاسایشی خۆراک ھەنگاوی باشی بڕیووە چونکە گرنگە دروستکردنی ئەو سایلۆیانە لە کوردستان، ھەناردەکردنی بەرھەمی کشتوکاڵ بۆ وڵاتان ئەوەش پلانێکی گەورەیە، ئەو پلانانە بەردەوامبێ کوردستان دەبێتە ناوچەیەکی بەھێز، دەتوانین بڵێن حکوومەتێکی بەھێزمان ھەیە و پلانی ھەیە بۆ وڵاتەکەمان".

کامیل موڕاد، ئەندامی ڕەوەندی کوردانی سوید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکاتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بۆ ئێمە سەربەرزییە دەبینین کوردستان بەردەوام لە پێشککەوتندایە، لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆی، ئێمە لەکاتی کۆبوونەوەمان لەگەڵ پەرلەمانتار و کەسانی بڕیار بەدەست، خۆشحاڵی خۆیان بۆ بوونی حکوومەتی کوردستان دەردەبڕن خواستی بوونی پێوەندی بەھێزیان ھەیە، ئەوەش جێگای شانازییە پەرلەمانتاری بیانی بەو شێوەیە باس لە حکوومەت و وڵاتەکەمان دەکات، کاتێکیش وەفدی حکوومەتی کوردستان دێتە سوید پێشوازی باڵایان لێدەکرێت".

ناوبراو گوتیشی: "ئێمە بەوردی پێشکەوتنەکانی کوردستانمان بە کاربەدەستانی سوید گەیاندووە، ھەروەھا ھێرشی داعشمان بۆسەر کوردانی ئێزدی و هه‌رێمی کوردستان، بۆ دەوڵەت و گەلی سوید باس کردووە ھەوڵمان داوە ڤیدیۆی دڕندانه‌ی داعش بە بەرپرسانی سوید بگات، ئێمە خۆشحاڵین کوردستان لە ئاوەدانی و بنیاتنان و پێشککەوتن بەردەوامە و تازه‌ کوردستان پاشەکشێ ناکات".

 

عه‌زیز ڕه‌سوڵ

هەواڵی پەیوەندیدار