٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسروور بارزانی: ئیرادەیەکی بەهێزمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هەیە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێوڕەسمی جاڕدانی یەکەم ڕاپۆرتی جێبەجێکردنی ستراتیژیی ڕووبەڕبوونەوەی گەندەڵی كە لەلایەن دەستەی دەستپاكییەوە ئامادە كراوە، بەڕێوە چوو.

كاتژمێر 9:30ی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 4/9/2024، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی جاڕدانی یەکەم ڕاپۆرتی جێبەجێکردنی ستراتیژیی ڕووبەڕبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان کە لەلایەن دەستەی دەستپاکییەوە ئامادە کراوە، بەڕێوە چوو، تێیدا سەرۆكی حكوومەت لە وتارێكدا گوتی: "جێی خۆشحاڵییە کە بەشێکی زۆری ئەو داواکاری و ڕاسپاردانەی لەم ڕاپۆرتەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئاماژەیان پێ دراوە، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، کاری لەسەر کردوون و پلان و کارنامەی بۆ جێبەجێکردنیان داناوە."

دەقی گوتاری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان، بەیانیتان باش، زۆر بەخێر بێن

بەخێرهاتنێكی تایبەتی سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری لە هەرێمی كوردستان دەكەم، هەروەها بەخێرهاتنێكی گەرمی میوانانی بەڕێز لە بەغدا، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە حكوومەتی فیدڕاڵ، هەروەها جێگری سەرۆكی چاودێریی دارایی لە حكوومەتی فیدڕاڵ دەكەم، بەخێرهاتنی هەموو ئەو بەڕێزانەی چ لە كوردستان و چ لە دەرەوەی كوردستان هاتوون، هەروەها بەخێرهاتنی بەڕێز باڵوێزی یەكێتیی ئەورووپاش دەكەم. زۆر زۆر بەخێر بێن، زۆر خۆشحاڵم كە لەم بۆنەیە لەگەڵ ئێوە بەشدارم.

دەستخۆشی لە دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە لەبارەی جێبەجێکردنی ستراتیژی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان.

بێگومان ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و سنووردانان بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتیی، بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە. بۆیە کاری جیددیمان کردووە و ڕێکاری پێویستمان گرتەبەر لە پێناو پەرەپێدانی شەفافیەت و ڕووبەڕوبونەوەی گەندەڵی. لەم ڕووەوە هەماهەنگیی و پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ هەیە.

ئەم ڕاپۆرتەش بە هاوکاری و هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە کراوە و لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2021، ئەنجومەنی وەزیران ستراتیژی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی پەسەند کرد و هەڵوێستی خۆی دووپات کردەوە لە بەردەوامبوون لە ڕێکارەکانی پەرەپێدانی شەفافیەت و لێپرسینەوە و ڕووبەڕوبونەوەی گەندەڵی و لە هەمان کاتدا وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش ڕاسپێردران بۆ بەدوادچوونی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە و پێشنیازەکانی ئەم ڕاپۆرتە کە لەمانگی سێی ئەمساڵدا، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە لەلایەن بەڕێز سەرۆکی دەستەی دەستپاکییەوە خرایە ڕوو.

جێی خۆشحاڵییە کە بەشێکی زۆری ئەو داواکاری و ڕاسپاردانەی لەم ڕاپۆرتەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئاماژەیان پێدراوە، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، کاری لە سەر کردوون و پلان و کارنامەی بۆ جێبەجێکردنیان داناوە، لەوانە:

* بەدیجیتەڵکردنی کاروبارەکانی حکوومەت و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی دیجیتاڵی و هەنگاونان بەرەو حکوومەتی ئەلیکترۆنی.

پرۆسەی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و کاروبارەکانی حکوومەت بەردەوامە و بەشێکی گرنگە لە چاکسازییەکانی حکوومەت کە بێگومان ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لە برەودان بە ڕوونی و شەفافیەت و نەهێشتنی بیرۆکراسی و سنووردانان بۆ گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی.

*تەوەرێکی دیکەی کارکردنمان بە ئاراستەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، چاکسازیکردنە لە سیستەمی بانکی و بەستنەوەی دامەزاراوەکانی حکوومەت و کەرتی تایبەت بە سیستەمێکی پێشکەوتوو و هاوچەرخی بانکی.

هەبوونی سیستەمێکی پێشکەوتوو و چالاکی بانکی، جگە لەوەی یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک. فاکتەرێکی گرنگی پەرەپێدانی ئابوورییە و ژینگەیەكی لەباریشە بۆ گەشەی ئابووری و بازرگانی و یارمەتیدەریشە بۆ کەمکردنەوە و سنووردارکردنی گەندەڵی.

*هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بەرنامە چاکسازییەکانی بۆ پەرەپێدانی شەفافیەت و دادپەروەری و ڕێگەگرتن لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی،  کاری لەسەر هەموارکردنەوە و پێشکەشکردنی چەند پڕۆژە یاسایەکیش کردووە کە دیارترینیان یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی بووە لە هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی 2020 ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرا و پەسەند کرا.

هەروەها لە چەند ساڵی ڕابردوو، لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە چەندین کەیسی تایبەت بە گەندەڵیش کراون و ڕەوانەی دادگاکانی هەرێمی کوردستان کراون.

ئامادەبووانی بەڕێز:

ئێمە خواست و ئیرادەیەکی بەهێزمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هەیە، بەڵام ئەمە تەنیا ئەرکی حکوومەت و دادگاکان نییە، بەڵکوو پێویستی بە هەماهەنگیی و هاریکاری و پشتیوانیی گشت هاووڵاتییان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و زانکۆ و دامەزراوەکانی پەروەردە و مامۆستایانی ئایینی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن هەیە کە دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەر لە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و ڕوونکردنەوەی مەترسییەکانی گەندەڵی بگێڕن. لە هەمان کاتدا پێویستە کار لەسەر پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی کولتووری دەستپاکی و ڕاستگۆیی و دڵسۆزیی بکەین.

هەرچەندە بەشێک لە گرفتەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەرنامەی چاکسازی، دەست تێوەردان و ڕۆڵی لایەنە سیاسییەکان بووە کە نەک هاوکار نەبوون، بەڵکوو هەندێک لایەن دژایەتی سیستەماتیکی هەوڵەکانی حکوومەتەیان کردووە. بەڵام من لێرەدا هاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە، کە سەرەڕای هەموو کێشە و ئاستەنگ و قەیرانەکان، ئێمە بە گوڕ و تین و ئیرادەیەکی زۆر بەهێزەوە، بەردەوام دەبین لە سەر درێژەدان بە کارنامەی چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتن و ڕێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی.

جارێکی دیکەش دەستخۆشی لە دەستەی دەستپاکی دەکەم بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە و هەموو پشتیوانییەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان بۆ دووپات دەکەمەوە لە پێناو سنووردارکردن و بنبڕکردنی پەتای کوشندەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان.

هەر شاد و سەرکەوتوو بن. 

هەواڵی پەیوەندیدار