٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەسەر داوای هەرێم پرۆسەیەکی هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی شەفافیەتی دامودەزگاکان دەست پێ بکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەپێی ڕێکخراوی شەفافیەت، عێراق لە نێوان 25 وڵاتی گەندەڵی جیهاندایە.

د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان لە ڕێورەسمی ڕاگەیاندنی یەکەم ڕاپۆرتی جێبەجێکردنی ستراتیژیی ڕووبەڕبوونەوەی گەندەڵی، وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: ستراتیجی نیشتیمانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پلانێکی گشتیگیر و هەمە لایەنەیە، سەرجەم سێکتەرەکان بۆ باشترکردن و بەرەوپێشبردنی ئەرکەکان دەگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ڕاپۆرتانەی ئێستا هەیە، هەنگاوێکی دڵخۆشکەرە و بەرهەمی هاوکاری سەرجەم دامەزراوەکانە لە هەرێمی کوردستان، لە 63%ـی ئەرکەکان کە چێبەجێکراوە هەنگاوێکی باش و دڵخۆشکەرە. هەروەها یەکەم ڕاپۆرتە لەسەر جێبەجێکردنی ستراتیجیەتی ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی بڵاو دەکرێتەوە.

ئەحمەد ئەنوەر باسی لەوەش کرد، بەداخەوە سەرەڕای باشتربوونی دۆخی عێراق، ئەو وڵاتە هێشتا لە ڕیزبەندی وڵاتە گەندەڵەکاندایە، کە بەپێی ڕێکخراوی شەفافیەت، عێراق لە نێوان 25 وڵاتی گەندەڵی جیهاندایە.

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگارییەش پێویستی بە کاری هاوبەش و هەماهەنگی هەموو دەسەڵاتەکان دەکات، کە پێویستە بەیەک تیم کاربکەن، بۆ کەمکردنەوەی ئەو دیاردە ترسناکە، دیارە ئەو پۆلێنکردنەش بۆ سەرجەم عێراقە و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

گوتیشی: لەسەر داوای هەرێمی کوردستان و بە پاڵپشتی دارایی 'یو ئێن دی پی' بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا پرۆسەیەکی هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی شەفافیەت لەسەر ئاستی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکات. داواکاریشین سەرجەم دامودەزگاکان هاوکاری ئەو تیمە بن.

هەواڵی پەیوەندیدار