لە سیاسەتی كوردییەوە بۆ سیاسەتی توركیا
مەحموود ئۆڤۆر
قۆناخی چارەسەری پرسی كورد ئەگەر بۆ ژمارەیەك لە پارت و لایەنە سیاسییەكانی توركیا وەكو زەمین لەرزەیەك بێت ئەوا بۆ ژمارەیەكی دیكە دەبێتە وەكو لە دایك بوونێكی نوێ و دیزاینێكی نوێ بەم پارت و لایەنانە دەدات. چوونكە لەگەڵ دەست پێكردنی ئەم قۆناخە نەتەنیا توندوتیژی وەلاوە دەنرێت بەڵكو هاوكات لەگەڵ كێشەی كورددا كێشە سەرەكییەكانی توركیا كە بۆ ماوەی 88 ساڵە لە سەر یەك كۆ بوونەتەوە یەك لە دوای یەك چارەسەر دەكرن. بەو واتاییە كە هیوا و ئاواتە فەرامووش كراوەكەی چەپگەرەكان ( شۆڕشی دیموكراتیك) جێبەجێ دەكرێت بەڵام نە لە رێگای شەڕ یا كوودەتایەوە بەڵكو بە رێگایەكی ئاشتییانە و لە چوارچێوەی زەمین و تێكۆشانێكی دیموكراتیكدا.
بێگومان ئەم گۆڕانكارییە گەورەیەیش نە لە لایەن ئەو كەسانەوە كە خۆیان بە چەپگەر و سەردەمییانە دەزانن جێبەجێ دەكرێت بەڵكو لە لایەن پارتییەكی راستگەری رادیكاڵ وەكو ئاكەپەیەوە جێبەجێ دەكرێت.
لەم بارەیەوە پروفسۆری زانستە سیاسییەكان حەسەن یڵدێز دەڵێت: من هەڵوێستی راگەیاندنی توركیا لە بەرامبەر قۆناخی نوێ راست نابینم، راگەیاندنەكانی توركیا دەڵێن ئەم قۆناخە قۆناخی بێدەنگ كردنی چەكەكانە، ئەم قۆناخە لە راستییدا شۆڕشێكی دیموكراتیكە كە لە مێژووی كۆماری توركیادا نەبینراوە، بۆ ئەوەی كە توركیا بتوانێت خۆی لەگەڵ جیهانی سەردەمدا بگونجێنێت ئەم شۆڕشە بۆ توركیا زۆر زەرووری و گرنگە.
ئەم شۆڕشە هێزی خۆی لە دوو چینی جیا كە لە لایەن سیستەمی پێشووی توركیاوە زوڵمیان لێ كرابوو وەردەگرێت، یەكەم چینی دیندار و دووەم كورد.
رێپیوانی چینی دیندارەكان بۆ ناوەندی دەسەڵات لە سەردەمی پارتی سەعادەتی میللیەوە دەستی پێكرد، پارەتەكانی رەفا و فەزیلەت بەردەوامیان كرد و ئاكەپەیش ئەم رێپیوانەی گەیاندە مەركەز. بۆیە ئەمجارە نورەی كوردە كە بەرەو مەركەز دەست بە رێپیوان بكات. پەیامەكەی ئوجەلان كە لە رۆژی نەورۆزی ئەمساڵدا پێشكەش كرا یەكێك بوو لە بەرهەمەكانی ئەم رێپیوانە. ئوجەلان دوای ئەوەی كە دەڵێت: سەردەم سەردەمی شەڕ و یەكتر كوشتن نییە بەڵكو سەردەمی برایەتی، پێكەوە ژیان و لێبووردەییە، ئاماژە بەوە دەكات كە من لە بەر چاوی میلیونان كەس كە گوێ لەم بانگەوازییەی من دەگرن دەڵێم ئێتر قۆناخێكی نوێ دەست پێبكات و لە جیاتی چەك سیاسەت قسە دەكات.
بە پێ ئەم لێدوانەی ئوجەلان حەرەكەتی كوردی كە تا ئێستا لە لایەن هێزە چەكدارەكانەوە گەرەنتی كرابوو لەمەو بەدواوە لە لایەن سیاسەتەوە گەرەنتی دەكرێت. ئەمە یەكێكە لە ئاماژەكانی ئەوەی كە كوردیش وەردە وردە بەرەو ناوەندی سیاسی توركیاوە دەروات و ئەمەیش ئەو شتەیە كە بە ساڵانە لە نێو توركیادا لە سەری گفتووگۆیەكی زۆر بەرفراوان كراوە و شەڕێكی زۆریش لە پێناوی كراوە.
بێگۆمان ئەمە دەستكەوت و گۆڕانكارییەكی یەكجار گرنگ و مێژووییە، چوونكە سیاسەتەی كوردی لەمەو بەدواوە ئێتر تەنیا ئەو سیاسەتە نییە كە هاوپەیمانییەكی گچكە لە گەڵ لایەنە چەپڕەوەكانی توركیادا ساز بكات بەڵكو سیاسەتی كوردیش بەرفراوانتر دەبێت و رۆل و كاریگەری خۆی لە سەر سیاسەتی توركی بەرفراوانتر دەكات. چوونكە كاتێك لە رووی سیاسییەوە حەرەكەتی كوردی گەرەنتی بكرێت ئەوا لە رووی ئەمنی و ئابوورییەوە ناوچە كوردییەكانیش گۆڕانیان بە سەردا دێت و پێشكەوتووتر دەبن و ئەمەیش دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە لە نێو سیاسەتی كوردیدا كەس و فاكتەری نوێ سەر هەڵبدات و ئەمەیش بە مانای فراوان بوونی بازنەی سیاسەتی كوردییە و سیاسەتی كوردی چەندە بازنەكەی بەرفراوان بێت ئەوەندە زیاتر دەتوانێت لە سەر سیاسەتی توركیا خاوەن كاریگەری بێت.
سەرچاوە: سەباح




