محەممەد شوکری بۆ KDP: دەست بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی کەمدەرامەتان دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، زەوی بۆ دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە ھەرێمی کوردستان دابین کراوە و دەست بە دروستکردنیان دەکرێت.
دکتۆر محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە ھەرێمی کوردستان بۆ خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت لەئێستادا زەوی لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەو یەکانە دابین کراوە و بڕیارە لەماوەیەکی نزیکدا دەست بەدروستکردنی بەشێکی بکرێت و بەشێکی دەمێنێت ئەوانیش دروست دەکرێن.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان گوتیشی: کاری بەردەوام لەسەر دروستکردنی ئەو یەکانە دەکرێت بۆ خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت و ھەنگاوی باشی بۆ نراوە و ڕێکارەکان تەواوبن دروست دەکرێن بۆ ئەوەی خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت لێی سوودمەندبن، چونکە بڕیارە لە ھەموو شارەکان ئەو یەکانە دروست بکرێن.
لەبارەی جیاکردنەوەی فۆرمەکانیش، شوکری دەڵێت: کاری لەسەر دەکرێت و تاوەکو ئێستا فۆڕمەکانی پڕکراونەتەوە لەیەک جیانەکراونەتەوە، چونکە خەڵکێکی زۆر فۆرمی پڕکردۆتەوە.
بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت لە ھەموو شارەکانی ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێن و بە پێشەکیەکی کەم و قیستی درێژخایەن پێیان دەدرێت.
بڵند ئیبراھیم




