٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسروور بارزانی: حکوومەت هەنگاوی باشی بەرەو بەدیجیتەڵکردنی کاروبارەکانی ناوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، جەخت لەوە دەکاتەوە، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوی باشی بەرەو بەدیجیتەڵکردنی کاروبارەکانی حکوومەت ناوە". دەشڵێت، "ئێستا سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان "لە جاران بەهێزتر و کاراترە".

بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 03-09-2024، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێنجەمین پێشانگە و کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی تەکنەلۆجیی هەولێر (هایتێکس2024)ـی کردەوە و لە گوتارێکدا، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، هیواشی خواست پێنجەمین پێشانگە و کۆنفرانسی هایتێکس "ببێتە دەرفەتێك بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی هەرێمی کوردستان و بەستنەوەی زیاترمان بە بازاڕ و جیهانی تەکنەلۆجیا".

بە گوتەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی، "بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروبارەکانی حکوومەت و بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە پێناو بەرزکردنەوە و خێراترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و ڕێگریی لە بیرۆکراسی و هەدەردانی سامانی گشتی، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئێمە بووە".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانگەی تەکنەلۆجیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە "یەکێک لە فەرمانگە هەرە چالاکەکان" ناوبرد و گوتی: کار بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی بەهێز و پێشكەوتووی دیجتیاڵی دەکات.

وەکو ئەوەی سەرۆکی حکوومەت باسی کرد، "لە ماوەی ڕابردوودا ستراتیجیی وەچەرخانی دیجیتاڵیمان لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە بە ئامانجی هێنانە کایەی حکوومەتێکی سەردەمییانەی دیجیتاڵی کە پرۆسەی گەشەسەندنی ئابووریمان، فراوانتر و خێراتر بکات، بە جۆرێک هاووڵاتییان ببنە سەنتەری گرنگیپێدان لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیاوە".

مەسروور بارزانی جەختی لە گرنگی هەبوونی سیستەمێکی بەهێز، کاریگەر و چالاکیی بانکی لە هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی: لەم ڕوانگەوە دەستمان بە ئەنجامدانی چاکسازیی لە سیستەمی بانکی کرد لە پێناو بنیاتنانی ژێرخان و بنەمایەکی ئابووریی دیجیتاڵیی هاوچەرخ و بەهێز کە بتوانێت هاوتەریب لەگەڵ پێشكەوتنەکانی سەردەم هەنگاو بنێت.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "دەتوانم بڵێم، ئێستا ئێمە لەسەر ڕێگەیەکی ڕاستی گۆڕانکاری و چاکسازین لە ڕووی تەکنەلۆجیا و بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە بانکی و داراییەکان کە زیاتر هانی بازرگان و وەبەرهێنەران دەدات لە ناوچەکە و سەرتاسەری جیهان، بۆ ئەوەی بە مەبەستی وەبەرهێنان و خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکانی دیکە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن".

هەواڵی پەیوەندیدار