هێمن میرانی بۆ KDP: زەمینەی تەزوویرکردن لە ڕێی تەکنۆلۆژیا کەمکراوەتەوە و دەنگەکان ئەمجارە بە دەستیش دەژمێردرێن.

ھەولێر -KDP.info-د.ھێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆ لە دیمانەیەکدا باسی ڕێکارەکانی ھەڵبژاردن دەکات، ئەوەش دەخاتەڕوو کە لیژنەیەکی ئەمنی سەرەکی و چەند لیژنەیەکی لاوەکی دانراون بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە لە کەشێکی ئارام و هێمن و ئازاددا.
٭ KDP.info: چیتان كردووه بۆ ئامادهكاری ههڵبژاردنهكانی كوردستان؟
د.ھێمن میرانی: هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان بەڕێوە دەچێت و سەرپەرشتی دەکرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئەمنییەوە لێژنەی هەیە بۆ هاوکاریکردنی پرۆسەکە. لێژنەی باڵای ئەمنی بە سەرۆکایەتی بەڕێز وەزیری ناوخۆیە و لێژنەی لاوەکی ئەمنی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە سەرپەرشتی پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە و ئەندامێتی نوێنەرانی دامەزراوە پەیوەنددارەکان دروست کراون. یهكهم كۆبوونهوهی لێژنهی باڵای ئهمنی بە سەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆ ئهنجام درا، پێکھاتەی لیژنەی باڵای ئەمنی گوزارشتە لە گرینگی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئامادەکاری ئەمنی بۆ ھەڵبژاردن، ئەندامانی لیژنەکەش بریتین لە پارێزگارەکان، سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان، بەرپرسانی ئەمنی و ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە، ھێزەکانی پێشمەرگەی زێڕەڤانی و بەرگری و فریاکەوتن و نوێنەرایەنی کۆمسیۆنی باڵا.
ئامادەکارییەکان بە باشی دەستیان پێ کردووە چونکە یەکەم جار نییە هەڵبژاردن لە کوردستان بەڕێوەدەچێت، پڕۆسەکە نوێ نییە و ئەوەی لە کۆبوونەوەکە باسکراوە دڵنیاکردنەوە بووە لەسەر ئەوەی ھەموو ئامادەکاریەک بکرێت بۆ ئەوەی پرۆسەیەکی ھێمن بەڕێوە بچێت و ھەموو خەڵکی کوردستان بە ئازادی بەشداری بکەن و دەنگ بدەن. وەکو وەزارەتی ناوخۆ، ھەموو کارێک دەکەین بۆ ئەوەی پرۆسەیەکی ئازاد و ھێمن و بێ گرفت بەڕێوە بچێت. ئەرکی لێژنەی ئەمنییە کە سندوقەکانی دەنگدان و کارمەندەکانی کۆمیسیۆن و ھەموو ئەو چاودێرانەی کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هاتوون بپارێزن و لەگەڵ پاراستنی دەنگی خەڵک.
٭ KDP.info: دابهشكارییه ئهمنییهكان چۆنن؟ هێزە ئەمنییەکان چۆن بۆ پاراستنی پرۆسەکە دابەش دەبن؟
د.ھێمن میرانی: ھەموو ھێزەکان بەسێ ئەڵقە دابەش دەکرێن، پۆلیس ئەڵقەی یەکەمی پاراستنی بنکەی دەنگدان و دەنگدەرانە، دواتر ئاسایش پاشان ھێزەکانی پێشمەرگە و بەرگری فریاکەوتن و هێزی زێڕەڤانی وەک ھێزی پشتیوانی لە ئەڵقەی سێیەم لە دەرەوەی ناوەندی دەنگدان ئامادهن، خوانەخواستە، بۆ ھەر ئەگەرێک. گرنگ ئەوەیە کە خهڵك و بنكهكانی دهنگدان پارێزراوبن. لە پاڵ لێژنەی باڵا کە لە وەزارەتی ناوخۆیە، لیژنهی لاوهكی ههیه کە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارەکان سەرۆکایەتی دەکەن و بەرپرسانی ئەمنی، پەروەردە، شارەوانی و تەندروستی، نوێنەری کۆمیسیۆن، ئەندامی لیژنە لاوهكیهكهن. ئامانجەکە ئەوەیە کە پێکەوە بەشداربن بۆ ئەوەی باشترین زەمینە بۆ ھەڵبژاردنی ھێمن و ئارام و ئازاد فەراھەم بکرێت.
٭ KDP.info: لە ئێستاوە بانگەشەی پێشوەختە دەستیپێکردووە، چی بكرێت بۆ ئهوهی لهكاتی بانگهشه گرژی ڕوو نهدات؟
د.ھێمن میرانی: بانگەشەی پێشوەختە ڕێگە پێدراو نیە چونکە ھێشتا کاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن ماوە و هەڵمەتی درێژ خەڵک ماندوو و بێزار دەکات. هەڵمەتی پێشوەختە پێچەوانەی یاسای کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنە و ھیوادارین لایهنهكان پابەندبن. کۆمسیۆن لیژنه و ڕێسای خۆی ههیه و دهتوانێت سزای سەرپێچیکاران بدات. ھاوکات ھەر لایەنێک چەک یان بابهتی قهدهغهكراو دابەش بکات، ڕێکاری بەرامبەر دەگرینەبەر. هەر ھاووڵاتیەکش چەک وەربگرێت وەک چەکی قاچاغ و دەرەوەی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بەپێی ماددەی ١٥ لە یاسای چەک دەدرێتە دادگا. ھیوادارین کەس ئەمە نەکات، چونکە ھێزەکان ڕاسپێردراون لەھەر شوێنێک چەکیان دەست بەسەر داگرت وەک قاچاغ مامەڵەی لەگەڵ بکەن.
٭ KDP.info: چیتان كردووه كه لایهنهكان ئارامی كوردستان نهكهنه ئامانج؟
د.ھێمن میرانی: پێویستە کەمپینی ھەڵبژاردن ڕەچاوی ئارامی کوردستان و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بێت. ئاساییە ھەر حزبێک بەرنامەی خۆی پێشکەش بکات و بیخاتە ڕوو، چونکە دەنگدەر ھەموو ھێزەکان دەناسێت و کەسی نوێ نییە لە مەیدانەکە، ھەموویان تاقیکراونەتەوە، ڕاستە لیستی نوێ ھەیە بەڵام ئەو کەسانە پێشووتر خەڵک سەروکاری لەگەڵیان ھەبووە و هەموویان ناسراون. خەڵک ھۆشیارە و دەزانێت چۆن مامەڵە بکات و کێ هەڵدەبژێرێ. بەلامانەوە گرینگە حزبە سیاسییەکان لە چوارچێوەی بەرژەوەندی گشتی مامەڵە بکەن و زەمینەی ئارامی بانگەشە و دەنگدان تێک نەدەن. لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵا باس لەوە کراوە کە کارێکی باش دەبێت لە سەر ئاستی پارێزگاکان لیژنەی لاوەکی بە ئامادەبوونی کۆمسیۆن لەگەڵ نوێنەری ھێزە سیاسییەکان کۆبوونەوە بکات و هەموومان لە ئاستی بەرپرسیارێتی ڕەفتار بکەن.




