٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زانیاری تازە لەبارەی تۆمارکردنی ناوی نوێ لە بەشە خۆراکی مانگانە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: حکوومەتی عێراق ماوەی سێ ساڵە زیادکردنی ناوی لە بەشە خۆراکی مانگانە ڕاگرتووە و بڕیارە دوای تەواوبوونی پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردن دەرگای تۆمارکردنی ناوی تازە بکرێتەوە، بەڵام ھەر کەسێک کۆچی دوایی بکات ناوەکەی ڕەشدەکەنەوە.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: نزیکەی سێ ساڵە بە بڕیاری حکوومەتی عێراق تۆمارکردنی ناوی تازە بۆ بەشە خۆراکی مانگانە ڕاگیراوە و تازە نووسراوێکمان بە دەست گەیشتووە جارێ چاوەڕێ بکەین پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی پسولەی خۆراک دەست پێ بکات و دواتریش دەست بە تۆمارکردنی ناوی تازە دەکرێت و دەرگای خۆتۆمارکردن دەکرێتەوە، ئەمەش بڕیاری حکوومەتی عێراقە.

نەوزاد شێخ کامیل گوتیشی: ژمارەی ئەوانەی زیاد دەکرێن زۆرن، ماوەی سێ ساڵە ئەوانەی لەدایک بوون ناویان تۆمار نەکراوە، بەڵام لە ماوەی ئەو سێ ساڵە ئەوەی کۆچی دوایی کردووە ناویان ڕەش کراوەتەوە.
گوتیشی: بۆ پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک کۆمپانیاکان ئامادەکراون و لیژنە دیاریکراون، چاوەڕێ دەکرێت سەردانی شارەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بکەن و دەست بە پرۆسەی بەئەلکترۆنیکردن بکرێت، دواتریش ناوتۆمارکردن دەست پێ بکاتەوە.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار