٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نۆژەنکردنەوەی قەیسەری ھەولێر گەیشتووەتە ٦٠%

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- جێگری پارێزگاری ھەولێر ڕایگەیاند، پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی قەیسەری ھەولێر ھەنگاوی باشی بڕیووە و پێویستە لەماوەی سێ مانگ تەواو بکرێت، کە دوو کۆمپانیا بەردەوام کاری تێدا دەکەن.

جێگری پارێزگاری ھەولێر، مەسعوود کاڕەش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی قەیسەری ھەولێر بەردەوامە و دراوەتە دوو کۆمپانیا و کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ دەکەن، کە بەشێکی کاری باشی تێدا دەکرێت و ئەوەی دیکە ھەندێک خاوترە، چونکە لەسەر شێوازی کۆنی خۆی نۆژەندەکرێتەوە و کەرپوچ و مەوادی تایبەتی دەوێت و ئێستا ڕێژەی نۆژەنکردنەوە گەیشتووەتە ٦٠%، بۆیە لەماوەی سێ مانگ نۆژەنکردنەوەی قەیسەری کۆن و نوێ تەواو دەبن و دەکەونە خزمەت ھاووڵاتیان بۆ ئەوەی دەست بەکار و کەساباتی خۆیان بکەنەوە کە لەماوەی ڕابردوو سوتێندرابوو.

جێگری پارێزگاری ھەولێر گوتیشی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ نۆژەنکردنەوەی ھەردوو بەشی قەیسەری ھەولێر ٥ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دیناری خەرجکردبوو، پڕۆژەکەش دراوەتە دوو بەڵێندەر بۆ ئەوەی بەشێوەی خێرا نۆژەنکردنەوەی تەواو بکەن، چونکە کار و کاسبی خەڵکی لەسەرە، بۆیە کارەکان زۆر باش بەڕێوەدەچن و بەردەوامیش کاری تێدا دەکرێت.

مەسعوود کاڕەش ڕوونیشیکردەوە: ھیچ گرفتێک لە خەرجکردنی پارە نیە و سولفەی بەڵێندەر سەرف دەکرێت و ئەوانیش بەڕێکوپێکی کاری خۆیان دەکەن، کە بە گشتی ٢٠٠ دووکان دەبێت ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە و نۆژەن دەکرێنەوە.

لەماوەی ڕابردوو قەیسەری ھەولێر سوتێندرا و دواتریش لەلایەن ھێزە ئەمنیەکان تۆمەتبارەکان دەستگیرکران و دانیان بە تاوانەکەش دانا، دواتر لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوودجەی بۆ تەرخانکرا و دەست بە نۆژەنکردنەوەی کرا، کە ٢٠٠ دووکانی خەڵکی ھەولێر زیانی بەرکەوتووە.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار