مامۆستایەکی زانکۆ: "سەرۆکی ھەرێم پێوەندی بەھێزی لەگەڵ وڵاتان دروست کردووە"

ھەولێر-KDP.info- مامۆستایەکی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین دەڵێت: ئێستا ھەولێر بە جۆرێک پێگەی بەھێز بووە، لەسەر ئاستی جیھان وڵاتانی زلھێز کونسولخانەی خۆیان لە ھەولێر کردووەتەوە، ئەمەش بۆ چەند فاکتەرێک دەگەڕێتەوە، یەکێکیان سەقامگیری ھەولێرە.
د.ساڵح مەلا عومەر عیسا، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەلاحەدین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بەگشتی ھەولێر کونسولخانە و نوێنەرایەتی زۆربەی وڵاتانی لێ کراوەتەوە کە لە کەم شاری جیھان ھێندە کونسولخانە و نوێنەرایەتی کراونەتەوە، کردنەوەشیان لەھەولێر بەتایبەت پێنج وڵاتی زلھێزی جیھان کە لە ئەنجوومەنی ئاسایش مافی ڤیتۆیان ھەیە، ئەوانیش (ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، ڕوسیا و چین)ن، ئەوە نیشانەی بەهێزی پێگەی ھەولێرە، چونکە لە ئاستی نێودەوڵەتی پەیوەندی نێوان وڵاتان لەسەر بنەمای بەرژوەندی دروست دەکرێت، بۆ ئەو وڵاتانە ھەولێر پێگەیەکی گرنگی ھەیە و بەرژوەندی خۆیان لەناوچەکە دەبینن، ئەوەش نیشانی دەدات ھەولێر بۆتە سەنتەرێکی نێودەوڵەتی و زۆر وڵاتی دیکە دەیانەوێت کونسولخانەی خۆیان لە ھەولێر بکەنەوە و بەردەوامیش دەکرێنەوە، ئەگەر تەماشای ئەمریکا بکەین گەورەترین کونسولخانەی لە ھەولێر کردووەتەوە، ئەمە بێهۆ نییە، چونکە دەزانێت پێگەیەکی ستراتیژی ھەیە بۆ بەرژوەندی ئەمەریکا و بۆ جیھانیش.
د.ساڵح مەلا عومەر عیسا گوتیشی: سەقامگیری ھەولێر ھەیە وای کردووە وڵاتان بێن کونسولخانەی خۆیان بکەنەوە، دواتر بەرژوەندی ئابووریش گرینگی خۆی هەیە، سیاسەتی حکوومەتی ھەرێم سەرکەوتوو بووە لەوەی کۆمپانیا گەورەکانی جیھان بێن لە ھەولێر سەرمایەگوزاری بکەن و پێگە بۆ بەرژوەندی ئابوورییان بگرن، لە شەڕی داعش و گروپە چەکدارەکان، ھەولێر سەنتەرێکی گرینگ بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و گروپە چەکدارەکان کە مەترسیی بۆ ھەموو جیھان هەبوو، ئەمانە فاکتەری سەرەکین، وای کردووە وڵاتان گرینگی بە ھەولێر بدەن.
عیسا باسی لەوەش کرد: لە ھەولێر ئاستی دیپلۆماسی بەراورد بە شارەکانی عێراق زۆر باشترە، وای کردووە وڵاتانی جیھان ڕووی تێبکەن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەبردنی ھەولێر لەڕووی دیپلۆماسییەوە، کاتێک سەرۆک بارزانی سەرۆکی ھەرێم بوو پێگەیەکی بەھێزی ھەبوو بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان، ئێستاش سەرۆکی ھەرێم نێچیرڤان بارزانی پێوەندی باش و بەھێزی دروست کردووە، ئەمە ڕێگای خۆش کردووە وڵاتان بێن لە ھەولێر کونسولخانە و نوێنەرایەتی خۆیان بکەنەوە، بۆیە ھەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسی ھەرێم بە جۆرێک سیاسەت دەکات .. لەگەڵ ھەمووان بەرژوەندی ھاوبەش دروست بکات و ھەمووان بێن لە ھەرێمی کوردستان کونسولخانە و نوێنەرایەتی بکەنەوە.
بڵند ئیبراھیم




