٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئێستا کۆمپانیا گەورەکان لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی ھەولێرەوە کاری بازرگانی دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر گوتی، ھاتووچۆی گەشتیاری لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر بەردەوام لە زیادبووندایە دەشڵێ، ئێستا جگە لە گەشتیاری ئاڵوگۆڕی بازرگانیشی لێ دەکرێت و کۆمپانیا گەورەکان لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێرەوە کاری بازرگانی دەکەن و کەلوپەلەکانیان دێنن و بەسەر پارێزگاکانی عێراق دابەشی دەکەن.

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، ئەحمەد ھۆشیار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە ساڵی ڕابردوو لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر زیاتر لە ٢ ملیۆن گەشتیار ھاتووچۆیان کردووە و ئەمساڵ ڕێژەکە بەردەوام لە زیادبوون دایە و لەماوەی ئەم ھەشت مانگەی ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر دەگاتە زیاتر لە ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار گەشتیار و لەو ماوەیە ھەزار و ٧٦٤ فڕۆکە ھاتووچۆیان کردووە ئەمەش سەرەڕای ھەموو قەیران و کێشەکانی كە دروست بوون، بۆیە ساڵی ڕابردوو ڕێژەی ھاتووچۆی گەشتیاری زۆر بەرزبوو ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت زیاتر بێت بۆ دوو ملیۆن و نزیکەی ٣٠٠ ھەزار گەشتیار، بۆیە ئامانجی ئێمەش ئەوەیە ڕێژەکە بەردەوام لە زیادبوون دابێت، چونکە ڕێژەی ھاتووچۆی گەشتیاری ئەمساڵ بەراورد بەساڵی ڕابردوو تاوەکو ئێستا بەڕێژەی ٧.٦% زیادی کردووە.

ئەحمەد ھۆشیار گوتیشی: لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر ٢٠ ھێڵی ئاسمانی ھاتووچۆ کار دەکەن، بەڵام ١٧ لەوانە فەرمیین و سێی دیکەش ناوە ناوە ھاتووچۆیان ھەیە، بۆیە بەگشتی ٢٠ ھێڵ دەبن، هاوكات فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر ھۆکارێکیشە بۆ بووژانەوەی ئابووری، چونکە ئێستا جگە لە گەشتیاری ئاڵوگۆڕی بازرگانیشی لێ دەکرێت و کۆمپانیا گەورەکان لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر کاری بازرگانی دەکەن و کەلوپەلەکانیان دێنن و بەسەر پارێزگاکانی عێراق دابەشی دەکەن.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار