یەکێک لە بڕیارەکانی سەرۆكی حكوومەت دەیان هەزار کەسی دڵخۆش کردووە

ھەولێر-KDP.info- وەزیری پەروەردە ڕایدەگەیەنێت، ڕێژەی نەخوێندەواری لە هەرێمی کوردستان بۆ سەدا 16 کەمی کردووە و لە داهاتووشدا ڕێژەکە زیاتر کەم دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 01-09-2024، د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کار و چالاکیی و دەستکەوتەکانی وەزارەتەکەی لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا خستە ڕوو.
وەزیری پەروەردە باسی لەوە کرد، یەکێک لە دەستکەوتەکانیان، کەمکردنەوەی ڕێژەی نەخوێندەواری بووە بە ڕێژەیەکی بەرچاو، وەکو خۆی گوتی: ساڵی 2018 ڕێژەی نەخوێندەواری سەدا 24 بوو، بەڵام ئێستا بۆ سەدا 16 کەمبووەتەوە و لە داهاتووشدا یاتر کەم دەبێتەوە.
د. ئالان حەمە سەعید ڕوونیشی کردەوە: یەکێک لە بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە خزمەت بە کەرتی پەروەردە و فێرکردن دەکات و دەیان هەزار کەسی دڵخۆش کردووە، دامەزراندنی زیاتر لە 40 هەزار مامۆستای وانەبێژی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بوو بە شێوەی گرێبەستی هەمیشەیی.
وەزیری پەروەردە گوتیشی: بێجگە لەمە، سەرۆکوەزیران لە سەرەتای کابینەی نۆیەمدا زیاتر لە پێنج هەزار و 88 مامۆستای گرێبەستی کردە هەمیشەیی. هاوکات 748 مامۆستای پەروەردەی تایبەت لە قوتابخانە حکوومەتییەکان بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دامەرزراند.
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی نوێی خوێندن (2024-2025)، بە گوژمەی زیاتر لە 24 ملیار دینار، 19 ملیۆن و 768 هەزار کتێبی بۆ هەموو بەشەکانی خوێندنی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنی ئیسلامی) چاپ کردووە.




