٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە قاھیرە ساڵیادی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی و دامەزراندنی پارتی بەرز ڕاگیرا

سەرچاوە: KDP.info

قاھیرە-KDP.info- نووسینگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاھیرە ئاھەنگێکی بەبۆنەی حەفتا و ھەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی و ساڵڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی سازکرد.

لە مەراسیمێکی شایستەدا بەئامادەبوونی کونسوڵی عێراق لە قاھیرە، عیسام محەممەد، ژمارەیەک دیبلۆماتکاری عێراقی لە قاھیرە، د. محەممەد ئەبو كەلال، بەرپرسی پەیوەندییەکانی عەرەبی و ئەفریقیا ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی و مامۆستایانی زانکۆ، ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندن کار، کەسایەتییە گشتییەکان و ڕەوەندی عێراقی و کوردی و کۆمەڵێک قوتابیانی کورد لە میسر.

دکتور محەممەد ئەبو كەلال، بەرپرسی پەیوەندییەکانی عەرەبی و ئەفریقیا لە ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی لە وتەکەیدا لە یادەکەدا ستایشی گەشەسەندنی کوردستانی کردوو ئاماژەی بە گرنگی سەردانەکەی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا کرد، کە سەرجەم لایەنە سیاسیەکان پێشوازییەکی گەرم و بەرفراوانیان لێکرد، ئەمەش گوزارشت لە قووڵایی برایەتی دەکات.

شێرکۆ حەبیب، بەرپرسی مەکتەبی پارتی لە وڵاتی میسر، لە وتەیەکدا وێرای بەخێرھاتنی میوانەکان ڕایگەیاند: دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ بەسەرکردایەتی ژەنەڕاڵ مەلا مستەفا بارزانی نەمر، پێویستییەکی حەتمی بوو بۆ سەرکردایەتیکردنی خەباتی گەلی کوردستان، سەقامگیرکردنی و چەسپاندنی بناغەکانی دیموکراسی لە عێراق، و بنیاتنانی دەوڵەتێکی دامەزراوەیی کە مافی ھەموو پێکھاتەکانی زامن بکات.

ناوبراو گوتیشی: "لە ماوەی خەباتی خۆیدا، پارتی دیموکراتی کوردستان، توانی سەرسوڕھێنەرترین قارەمانێتی و داستانەکان تۆمار بکات و سەرکردایەتی شۆڕشێکی جەماوەری بکات کە لە کوردستان ھەڵگیرسا و لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ ناوی شۆڕشی ئەیلوولی لێنرا، شۆڕشی ئەیلوول بەرگری لە ھەموو چین و توێژ و مافی ھەموو پێکھاتەکان دەکرد، ناکۆکیشی لەگەڵ ئەو ڕژێمانەدا هەبوو کە تاوانیان بەرامبەر ھەموو پێکھاتەکانی عێراق ئەنجام دەدا، بەڵام بەھۆی حیکمەت و کارێزمای سەرکردەی نەمر مستەفا بارزانییەوە ھەموو ھەوڵەکانی نەیاران شکستی ھێنا، و زۆرێک لە ئەندامانی نەتەوەکانی تر پەیوەندییان بە شۆڕشی ئەیلوولەوە کرد، تا ئەمڕۆشی لەگەڵدابێ پارتی بەڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی بەردەوامە لە پاڵپشتی برایەتی نێوان سەرجەم پێکھاتەکان.

ئەوەشی خستەڕوو: "پارتی توانی سنوورەکان ببەزێنێت و پەیوەندییەکی باش لەگەڵ لایەنە دیموکراسی و سۆسیالیستییەکان درووست بکات، ھەروەھا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ لایەنە عەرەبییەکان ھەیە، بەتایبەتی لە کۆماری میسری عەرەبی، لەدوای ڕێبەری کۆچکردوو جەمال عەبدولناسر، لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٥٨ لە قاھیرە پێشوازی لە مەلا مستەفا بارزانی نەمر کرد، ھەروەھا سەرۆککۆماری ئێستای میسر عەبدولفەتاح سیسی نزیکەی پێنج ساڵ لەمەوبەر پشتگیری لە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد کرد، لە میانی کۆنفڕانسێکی گەنجان لە شەرم شێخ.

شێرکۆ حەبیب، بەرپرسی نووسینگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاھیرە ڕایگەیاندووە، ناوچەکە بە ھەلومەرجێکی ئەوپەڕی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، پێویستی بە چارەسەرێکی بەپەلە ھەیە بۆ دوورخستنەوەی گەلانی ناوچەکە لە کۆمەڵکوژی و کارەساتی گەورەتر، پارتی دیموکراتی کوردستان ھەمیشە پێداگری لەسەر چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستان و پەنابردن بۆ دەستوور و بنیاتنانی دەوڵەتێکی دەستووری، دامەزراوەیی، مەدەنی، بۆ ئەوەی ھەموو خەڵکی عێراق بتوانن بەشداری بنیاتنانی نیشتمانێک بکەن کە برایەتی زاڵ بێت بەسەریدا و پێکەوەژیان بێتە ئاراوە کە دووربێت لە تایفەگەری و ناوچەگەری، و بنیاتنانی پەیوەندی دەرەکی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش لەگەڵ ھەموو وڵاتان.

لە پەراوێزی مەراسیمەکەدا پێشانگایەکی وێنەی دەگمەنی سەرکردەکانی کورد مەلا مستەفا بارزانی و سەرۆک مەسعود بارزانی کرایەوە، کە بەدواداچوون بۆ مێژووی خەبات و دیدارەکانیان لەگەڵ سەرکردە عەرەبی و جیھانییەکان لەنیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمەوە دەكات.

هەواڵی پەیوەندیدار