لە ئایندەیەکی نزیکدا بەردی بناغەی جووت سایدی حاجی ئۆمەران دادەنرێت

سۆران-KDP.info- سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، لە چەند هەفتەیەکی داهاتوو بەردی بناغەی پڕۆژەی ڕیسایکلین لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە دادەنرێت و دەچێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا بەردی بناغەی جووت سایدی حاجی ئۆمەران دادەنرێت و دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێ: پڕۆژەی ڕیسایکلین لە چەند هەفتەیەکی داهاتوو بەردی بناغەکەی لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە دادەنرێت و لە ماوەیەکی کورتدا دەچێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە.
هەڵگورد شێخ نەجیب دەشڵێت: هەردوو پڕۆژەی پارکی نیشتمانی و پارکی ناو شاران، ماوەیەک بەر لە ئێستا بەردی بناغەیان لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە بۆ دانرا. پڕۆژەی نیشتمانی کە نزیکەی 300 دۆنمی بۆ تەرخان کرابوو و پێشتر دیزاینی کرابوو، دووبارە سەرلە نوێ دیزاین کرایەوە، ئێستا ڕووبەرەکەی زیاتر لە 420 دۆنمە، ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە دەروازەی ئەو پڕۆژە دەکەوێتە ناو بازاڕ، هاووڵاتییان دەتوانن لەدەرگای ناو بازاڕی سۆرانەوە بێنە ناو پارکەکە تا دەگاتە خوار هۆڵی بۆنەکانی سۆران.
ئەوەشی خستە ڕوو، بە تەواو بوونی ئەو پارکە، سۆران لە ڕووی سەوزاییەوە دەچێتە قۆناغێکی دیکە، هەروەها پانتاییەکی زۆری سەوزایی لە ناو سەنتەری سۆران بۆ هاووڵاتییان دابین دەکرێت.
هەڵگورد شێخ نەجیب، باسی لەوەشکرد، بەهەمان شێوە پارکی ناو شار جارێکی دیکە دیزاینێکی دیکەمان بۆ کردەوە، بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر سوودی لێ وەربگرین، ئێستا دیزاییەنەکەی تەواو بووە. لەم چەند ڕۆژەدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەچێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە.




