٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جێگرى پارێزگار بۆ KDP: وردەکاریى دامەزراندنى سەدان کەس ئاشکرا دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info- لە دوو سەردانى مەسروور بارزانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ پارێزگاى هەڵەبجە، یەکێک لە فەرمانەکانى بووە جێگاى دڵخۆشیی خەڵکى هەڵەبجە، کە دامەزراندنى ٦١٤ کەسە بۆ فەرمانگە کارگێڕییەکانى هەڵەبجە و قەزا و ناحیەکانی.

شایەن حەمە ڕەزا، جێگرى پارێزگارى هەڵەبجە، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "ئەنجوومەنى ڕاژە سەردانى پارێزگاى هەڵەبجەیان کرد، پێوەرەکانى دامەزراندنیان دیارى کردبوو بۆ دامەزراندنى ٥٠٠ فەرمانبەر بۆ پارێزگاى هەڵەبجە بە فەرمانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان مەسروور بارزانى، ١١١٣٧ کەس فۆڕمی دامەزراندنیان پڕ کردبووەوە، ٩١٨ فۆڕمیان تێدا دیارى کردووە، لەو ڕێژەیە لە فۆناخى ئێستا ٥٠٠ کەس دادەمەزرێن".

حەمە ڕەزا گوتیشى: "لە سەردانى دووەمى سەرۆکى حکوومەت، دانانى بەردى بناخەى سایلۆى هەڵەبجە بوو، پارێزگار قسەى لەگەڵ کرد بۆ دامەزراندنى ١١٤ کەسى تر، بەڵێنى داوە بۆمان دامەزرێنێت، ئەنجوومەنى کارگێڕى پێمانى گوت، دەبێت فەرمانێکى کارگێڕى دەربچێت بۆ ئەو ١١٤ کەسەى تریش".

دەشڵێ: "٩١٨ فۆڕمەکە بە ئیمێڵ وەڵامیان بۆ گەڕاوەتەوە، داواى تەواوکاریى بەڵگەنامەکانیان لێ دەکات، ٥٠٠ کەس لەو ڕێژەیه بیگرێتەوە، لێیان هەڵدەبژێردرێن، ١٥ ڕۆژیش دادەندرێت بۆ تانەدان لە ئەنجامەکان، هەر کەس هەست بکات مافى خوراوە، لەگەڵ ئەوانەى فۆڕمەکانیان بە هەڵە پڕکردووەتەوە لەگەڵ ئەوانەى خەڵکى پارێگاى هەڵەبجە نەبن، لادەدرێن".

جێگرى پارێزگارى هەڵەبجە، ئاماژەشی دا: "تاکو ئەم خولەکە هیچ دەستێوەردانێکى حزبى بوونى نییە، لە پڕۆسەکەدا، کەسیش داواى واستەى بۆ کەس نەکردووە و پێوەرەکان دەکرێتە بنەمای دامەزراندنەکە".

گوتیشى: "ئێمە لە کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ جەنابى سەرۆکوەزیران لە سەردانیدا بۆ پارێزگاى هەڵەبجە، یاداشتێکى ٩ خاڵیمان پێشکەش کرد، هەر ٩ خاڵەکە ڕەزامەندى لەسەر درا و جبەجێکردنیان دەستى پێکردووە".

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار