پشتیوان سادق: کوردستان پشتی بە سەرۆک بارزانی بەستووە بۆیە ھەر بە بەھێزی دەمێنێتەوە

ھەولێر-KDP.info- پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک لاودا، گەرەنتیی مانەوەی بەھێزیی قەوارەی ھەرێمی کوردستانی باس کرد، چونکە جەنابی سەرۆک بارزانی خاوەندارییەتی ئەو ڕێبازە دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٩ی ئابی ٢٠٢٤، لە بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە ھەولێر، بە سەرپەرشتیی پشتیوان سادق ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە ھەولێر کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری لاوان و گەنجان ڕێکخرا و لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، پشتیوان سادق بە ئامادەبوانی گوت: ھەرێمی کوردستان بە خوێن و خەباتی ھەزاران شەھید ھاتووەتە بەرھەم، بە دڵنیاییەوە تاوەکو سەرۆک و سەرکردەمان جەنابی (سەرۆک بارزانی) مابێت، ئەوە ئەم قەوارە دەستوورییە ھەر بە بەھێزی و ئاوەدانی دەمێنێتەوە و ئاسۆی داھاتوومان زۆر گەش و ڕووناکە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگیەکی زۆری بە توێژی گەنج و لاوان داوە، تاوەکو سوود لە بەھرە و تواناکانیان وەربگرێت، بۆیە پێویستە ھەمووان ڕێز لە بەھا باڵاکانی نیشتمان بگرین و ھەموو توانایەکمان بۆ خزمەتکردنی خاک و وڵات بێت.





