٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەڵەبجەییەکان بۆ KDP: مەسروور بارزانى دەیەوێت هەڵەبجە ئاوەدان بکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info- هاووڵاتیانى پارێزگاى هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەکەن، داواکاریى ئێمە بۆ سەردانى سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆ شارەکەمان، بۆ ئەوە بوو وەک ئێستا شۆڕشى جێبەجێکردنى پڕۆژە و ئاوەدانى لە شارەکەمان دەست پێبکات، کە پەراوێز خرابوو، ئێستاش چەندین پڕۆژەى گرنگ و ستراتێژى دەستیان پێکردووە، جگە لەوە، هەموو گەڕەک و کۆڵانەکان قیرتاو دەکرێن.

سەربەست ڕەفیق، کە گەنجێکى پارێزگاى هەڵەبجەیە، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "هەڵەبجە پێویستى بە دەستێکى ئاوەدانى هەبوو، چونکە ئیدارەى شار نەیتوانیوە خزمەتگوزارى پێشکەش بکات، دوو جار هاتنی مەسروور بارزانى سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، دەستێکى پڕى ئاوەدانیی لەگەڵ خۆیدا هێنا و ئێستا لە شارەکەمان شۆڕشى پڕۆژە و ئاوەدانى دەستى پێکردووە، کە بووەتە هۆى بووژانەوەیەکى گشتگیر و هاووڵاتیان بە ئومێدەوە لەم پڕۆژانە دەڕوانن و چاویان لە کارى باشترە لە سەرۆکوەزیرانەکەیان".

ڕەفیق گوتیشى: "هەڵەبجەییەکان چاویان لەوەیە سەردانەکانى سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، درێژەیان هەبێت بۆ هەڵەبجە و بڕیارى گرنگتر بۆ شارەکەمان بدات و دەستى حکوومەت بۆ ئاوەدانى لە هەڵەبجەدا بوونى هەبێت، به‌ڵام ئێستا بە پڕۆژە بڕیارلێدراوەکانى مەسروور بارزانى، هاووڵاتیان زۆر دڵخۆشن". 

شادان ئەحمەد، هاووڵاتى لە ناحیەى سیروانی سەر بە پارێزگاى هەڵەبجە، بە ماڵپەڕى پارتى دیموکراتى کوردستانى گوت: "ئەم پڕۆژە خزمەتگوزاریانەى لە ناوەندى پارێزگاى هەڵەبجە و ناحیە و قەزاکانى دەستیان پێکردووە، دەرئەنجامى بڕیارەکانى مەسروور بارزانى سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانە، به‌ڵام  پێویسته‌ هه‌موو هاووڵاتیانى سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە ئەم ڕاستییە ببینن و بزانن کە ئەوە سەرۆکوەزیران و پارتییە دەستى ئاوەدانى بۆ هەڵەبجە ڕادەکێشێت".

گوتیشى: "مەسروور بارزانى لە پاش گەڕانەوەى لە هەڵەبجە شۆڕشى ئاوەدانى و جێبەجێکردنى پڕۆژەى بۆ هەڵەبجەییەکان بەجێ هێشتووە و هیچ شەقام و سوچێکى شار نییە کارکردن تێیدا بەردەوام نەبێت".

هاوکات، ژیوار فەلاح، کە گەنجێکى ناوچەى هەورامانە، لاى خۆیەوە لە بارەى پڕۆژەکانى سەرۆکى حکوومەت بۆ هەڵەبجە و قەزا و ناحیەکانى، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "ئەوەى لە کابینەى نۆیەمدا بە سەرۆکایەتیى مەسروور بارزانى لە پارێزگاى هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور کراوە، جێگای دڵخۆشی سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی ئه‌و شاره‌یه‌،  ئەگەر گرفتی بۆ دروست نەکرێت، ئەوە هەڵەبجە دەبێتە شارێکى تەواو شارستانى و کراوە و ناوەندى بازرگانى سیماى شار وەردەگرێت".

ناوبراو دەشڵێ: "مەسروور بارزانى دەیەوێت هەڵەبجە ئاوەدان بکاتەوە، دەشبینین چەندە پڕۆژەى گەورەى بۆ هەڵەبجە خستووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بۆیە هاووڵاتیان بە گشتى بە ئەرێنى لە پڕۆژە و بڕیارەکانى سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کوردستان دەڕوانن".

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار