سەفین دزەیی: دەچینە تایلاند و هەماهەنگی بازرگانیی دروست دەکەین

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: بە نیازن پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ تایلاند بەرەو پێشەوە ببەن.
ئهمڕۆ پێنجشەممە، کۆڕبەندی بازرگانی نێوان حکوومەتی هەرێم و ژووری بازرگانی هەولێر و شاندی باڵای بازرگانی تایلاند لە هەولێر بەڕێوە چوو.
لە میانی کۆڕبەندەکەدا، سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ تایلاند هەیە، بەیەکەوە کاردەکەین و هەماهەنگیی ئابووریی دەکەین، متمانە لە نێوان یەک دروست دەکەین کە گرنگە بۆ بواری بازرگانی. گوتیشی: تایلاند گەشەی سەندووە و یەکێکە لە وڵاتە گرنگەکانی ئابووری، لەبەر ئەوە کۆمەڵگەی بازرگانیی خۆمان هان دەدەین بۆ ئەوەی بەیەکەوە کار بکەین.
سەفین دزەیی گوتیشی: وەک حکوومەت پشتیوانیی بازرگان و خاوەنکارانی کوردستان و تایلاند دەکەین. دەچینە تایلاند و هەماهەنگی بازرگانیی دروست دەکەین، گوتی: چاومان لەوەیە بەرەو پێشەوە بچین و بەیەکەوە کەرتی تایبەت ببووژێننەوە.




