بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی ئوردن دەکرێت

دھۆک -KDP.info- ئەمڕۆ وەزیری کشتوکاڵی ئوردن و وەزیری کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە یاوەری پارێزگاری دھۆک لە سنووری قەزای بەردەڕەش سەردانی ناحیەی ڕوڤیایان کرد و ژمارەیەک پڕۆژەیان بەسەرکردەوە، دوای سەردانەکەش پارێزگاری دھۆک گوتی: بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی ئوردن ڕەوانە دەکرێت.
دکتۆر عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک، بۆ ڕۆژنامەنووسان گوتی: پەیوەندی باش لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئوردن ھەیە، پەیوەندیەکانیش مێژوویین و چەند ساڵێکە لە بواری کشتوکاڵیش پەیوەندیمان ھەیە، ژمارەیەک کۆمپانیای ئوردن بە ھاوکاری کۆمپانیای ناوخۆیی لە سنووری دھۆک کۆمەڵێک پڕۆژەیان جێبەجێ کردووە و ئەنجامی باشی ھەبووە.
دکتۆر عەلی تەتەر گوتیشی: ئەو پەیوەندییە لە بەرژەوەندی ھەردوو وڵات دایە، ئەوان ئەزموونێکی باشیان لە بواری کشتوکال ھەیە، ئەزموونی خۆیان گواستۆتەوە بۆ دھۆک و تێیدا سەرکەوتوو بوون، ساڵی ڕابردووش کۆمەڵێک بەرھەمی ھەرێم ھەناردەی وڵاتی ئوردن کراوە، ئێستاش ھاتوون بۆ ئەوەی پەیوەندییان فراوانتر بکرێت، دوای ئەوەی پێداویستی ناوخۆ پڕدەکەینەوە بەرھەمەکان ھەناردەی وڵاتانی دەرەوە بکەین، ئوردنیش یەکێک دەبێت لەو وڵاتانە و داواکارن بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمیان بۆ ڕەوانە بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




