٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ناتوانێ کۆببێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

نەینەوا -KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتی: ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا سەرەڕای گرتنەبەری ڕێکاری نایاسایی نەیانتوانی کۆببنەوە، بۆیە پێویستیان بە ئێمەیە، ئێمەش تاوەکو ڕێککەوتنێکی تازەی سیاسی نەکرێت بەشداری ھیچ کۆبوونەوەیەک ناکەین.

ئەحمەد شێخ کەنعان کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ھەموو ھەوڵێک درا بۆ ئەوەی نیسابی یاسایی کۆبوونەوەی ئەنجوومەن تەواو بکرێت و کۆبوونەوە ئەنجام بدەن، بەڵام تەنیا ١٣ ئەندام ئامادەبوون، لە کاتێکدا پێویستە ١٦ ئەندام ئامادەبن، بۆیە نەتواندرا کۆبوونەوە بکەن، ھەر چەندە  ھەڕەشەیان لە ئەندامانی ئامادەنەبوو کرد، لە ئەگەری ئامادەنەبوونیان کەسانی دیکە لە شوێنیان دادەنرێت بەڵام  ئەوە ناکرێت، چونکە ئەو ئەندامانە خەڵک دەنگی پێداون، ناتوانن لایان بدەن.
ئەحمەد شێخ کەنعان کیکی گوتیشی: ئێمەش بە دوو مەرج لە کۆبوونەوە ئامادە دەبین، یەکەمیان لادانی سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرەکەی، دووەمیش ڕێککەوتنێکی نوێی سیاسی بکرێت، بۆیە ئێستا ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا پەکی کەوتووە و ناتوانن کۆببنەوە، بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبووەوەکان  پێویستیان بە ئێمەیە.

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار