٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەک لە سنووری باتیفا و بێگۆڤا دانران

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ-KDP.info- بە گوژمەی زیاتر لە شەش ملیار دینار، بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەک لە سنووری قەزای باتیفا و ناحیەی بێگۆڤا  لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دانرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28-08-2024، بەڕاسپاردەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە چاودێریی گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەک لە سنووری قەزای باتیفا و ناحیەی بێگۆڤا دانران.

پڕۆژەکان بە گوژمەی شەش ملیار و 898 ملیۆن دینار و لەلایەن کۆمپانیای (نوور مچولی)ـییەوە جێبەجێ دەکرێن.

پرۆژەکانی ناحیەی بێگۆڤا بریتین لە:

- دروستکردنی دەروازەی ناحیەی بێگۆڤا

- نووژەنکردنەوەی گۆڕەپان و باڵەخانەی وەرزش و لاوان لە ناحیەی بێگۆڤا

- قیرکردنی شەقامی گوندی سووریێ – شیلانێ

پرۆژەکەی قەزای باتیفا بریتییە لە:

نووژەنکردنەوەی ڕێگەی (تاوک - خراب بابک - گۆڤکێ – دووکەرێ) بە درێژایی 35 کیلۆمەتر

دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 

یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە ئیدارییەکان بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بوو، کە لەو ڕێگەیەوە کاروباری ئیداری ئاسانتر و دەسەڵاتی بڕیاردانیش زیاتر بوو.

ڕۆژی 20-09-2021، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دامەزرێندرا. بەم بڕیارە، دەستی زیاتری ئاوەدانی گەیشتە زاخۆ و کاروباری ڕۆژانەی خەڵکیش ئاسانتر ڕایی دەکرێن.

لەوکاتەوە تا ئەمڕۆ، بە گوژمەی زیاتر لە  لە230 ملیار دینار، 286 پرۆژەی گەورە و بچووک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجی کراون، 218 پڕۆژە تەواو بوونە و 68 پڕۆژە لە جێبەجێکردندان و لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو دەبن و دەچنە خزمەت هاووڵاتییان.

پرۆژەکان بەم شێوەیە بەسەر کەرتەکاندا دابەش بوون:

* کەرتی شارەوانی و ڕێگا و پرد: 90 پرۆژە

* کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا: 17 پرۆژە

* کەرتی ئاو و ئاوی ژێرزەوی و چاندن: 45 پڕۆژە

* کەرتی تەندروستی: 20 پرۆژە

* کەرتی کارەبا: 33 پرۆژە

* کەرتی گەشتوگوزار و شوێنەوار: 16 پڕۆژە

* کەرتی فەرمانگەکانی حکوومەت و ئەوقاف: 54 پڕۆژە

لەو چوارچێوەیەدا، لە سەدا 81 ی شەقام و کۆڵانەکانی زاخۆ قیرتاو کراون و بەرپرسانی ئیدارەکە دەڵێن، لە ئاییندەیەکی نزیکدا شوێنێک نامێنێت قیرتاو نەکرابێت.

کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان

دوای ئەوەی زاخۆ کرایە ئیدارەیەکی سەربەخۆ، 7 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نوێ لەو سنوورە دامەزرێندراون، 17 بنکە و نووسینگە و بەش کراون بە بەڕێوەبەرایەتی. هاوکات  16 بەڕێوەبەرایەتی کراونەتەوە کە پێشتر لە زاخۆ نەبوون.

هەواڵی پەیوەندیدار