٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گوتەبێژی پارتی: پارتیمان بە هەموو هێز و توانا و جەماوەرەکەیەوە پشتیوانى هەڤاڵ مەسروور بارزانییە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، ماوەیەکە، بەشێک لە بەرپرس و میدیاکانى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، دوور لە پرەنسیپ و ئەتەکێتى سیاسى و لە ڕوانگەى دۆخى ناوخۆیى خودى یەکێتییەوە لە پارتیمان دەڕوانن و دژ بە ڕێزدار (مەسروور بارزانى) جێگرى سەرۆکى پارتیمان و سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، هەڵوێستى نەیارانە و قین لە دڵانە و چەواشەکارى و هەواڵى بێ بنەما، بڵاودەکەنەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان.

ماوەیەکە، بەشێک لە بەرپرس و میدیاکانى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، دوور لە پرەنسیپ و ئەتەکێتى سیاسى و لە ڕوانگەى دۆخى ناوخۆیى خودى یەکێتییەوە لە پارتیمان دەڕوانن و دژ بە ڕێزدار (مەسرور بارزانى) جێگرى سەرۆکى پارتیمان و سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، هەڵوێستى نەیارانە و قین لە دڵانە و چەواشەکارى و هەواڵى بێ بنەما، بڵاودەکەنەوە. دواترینى ئەو چەواشەکاریانەشیان، ڕۆژى ٢٦ى ٨ى ٢٠٢٤، لە ماڵپەڕی فەرمى یەکێتییەوە ڕاگەیاندراوێک بەناوى سەرچاوەیەک لە یەکێتییەوە بڵاوکراوەتەوە.

ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان، بۆ ڕاى گشتى و خەڵکى خۆشەویستى کوردستان دووپاتى دەکەینەوە کە نووسەران و هاندەرانى پشت ئەو ڕاگەیاندراوەى یەکێتى، لە ڕوانگەى دۆخى باڵباڵێنى ناو خودى خۆیانەوە، دەیانەوێت وێناى پارتیمان بکەن! پارتیمان خاوەن ڕێبازێکى ڕاست و دروست و، خاوەن ڕابەر و مەرجەعێکە کە سەرۆک (مەسعود بارزانى)یە و هەموومان ڕێبورا و خەباتگێڕى ڕێبازى بارزانین و لە سایە و چەترى جەنابى سەرۆک بارزانیدا بۆ یەک ئامانج و یەک ڕێباز تێدەکۆشین.
ڕێزدار کاک مەسرور بارزانى کار و هەڵوێست و بۆچوون و سیاسەتەکانى لە حوکمڕانى و کارى سیاسیدا لە چوارچێوەى بەرنامە و هەڵوێستى پارتى دیموکراتى کوردستانە و هەر جۆرە تەجاوزێک بۆ سەر کەسێتى (مەسرور بارزانى)، بەلاى پارتى و پارتییەکانەوە تەجاوزە بۆ سەر سەرجەم پارتییەکان و جەماوەى بەهەڵوێستى پارتى.
ئەوانە هێشتا پارتیان نەناسیوە و پەند لە مێژوو وەرناگرن، زۆرێک پێشتر خەونیان بەوەوە دەبینى کە پارتیش وەکو خۆیان لێ بکەن، بەڵام هەروەک چۆن پێشتر ئەو خەون و خەیاڵەیان نەهاتە دى، دڵنیایان دەکەینەوە پارتی و پارتییەکان بەهێز و باوەڕبەخۆبوونەوە ئەو خەون و خەیاڵەیان جارێکى دیکە دەخەنەوە ژێر گڵ.
پارتیمان بە هەموو هێز و توانا و جەماوەرەکەیەوە پشتیوانى هەڤاڵ مەسرور بارزانییە بۆ بەردەوامى جێبەجێکردنى سەرجەم ئەرکەکانى.


مەحموود محەمەد
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٧ـی ٨ـی ٢٠٢٤

هەواڵی پەیوەندیدار