٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە گوژمەی ١٥ملیار دینار پڕۆژە لەو گوندانەی پێویستیانە لە جێبەجێکردندان

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- جێگری پارێزگای ھەولێر ڕایدەگەیەنێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە بووژانەوەی گوندەکان دەدات و ئێستا بە گوژمەی ١٥ملیار دینار پڕۆژە لە ھەموو سێکتەرەکان لەو گوندانەی پێویستیان بە پڕۆژە ھەیە، لە بواری جێبەجێکردندان.

مەسعوود کاڕەش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی پڕۆژەی بەردەوام لە پارێزگا و قەزا و ناحیەکان ئەنجام دەدات، گرنگی بە گوندەکانیش دەدات و پڕۆژەیان بۆ ئەنجام دەدات، لە ئێستاشدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بانکی نێودەوڵەتی و بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی عێراق، بە دەیان پڕۆژە لە گوندەکان لە ھەموو سێکتەرەکانی پەیوەست بە ژیانی خەڵک جێبەجێ دەکات، وەکو رێگاوبان و کارەبا، ئاو و تەندروستی و دروستکردنی قوتابخانە و ئەو بوارانەی پێویستیان پێ ھەیە، لە ھەر گوندێکیش چییان پێویست بێت، ئەو جۆرە پڕۆژانەیان بۆ ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی گوندەکانیش ھاوشێوەی شار و شارۆچکەکان ئاوەدان بکرێنەوە و لە خزمەتگوزاری بێبەش نەبن.

جێگری پارێزگاری ھەولێر گوتیشی: بودجەی تەرخانکراویش بۆ ئەو پڕۆژانە لە رێگەی بانکی نێودەوڵەتی ١٥ملیار دینارە و سەرجەم پڕۆژەکانیش کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە و کاریان تێدا دەکرێت، بۆ ئەوەی تەواو بکرێن و بکەونە خزمەت ھاووڵاتیانەوە، چونکە ئامانجی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە خزمەتی ھەموو چین و توێژێک و ناوچەیەک بکات بەبێ جیاوازی، بۆیە بەردەوام دەبین و خزمەتگوزاری بۆ ھەموو ناوچەکان دابین دەکرێت، چونکە تەنانەت لە ھەولێریش ئەو شوێنانەی ھەژارنشینن و خزمەتگوزارییان پێ نەگەیشتووە، خزمەتگوزارییان بۆ دابین دەکرێت و حکوومەت گرنگییەکی زۆر بەو ناوچانەش دەدات.

دەشڵێ: "لە ئێستادا لە ھەرێمی کوردستان لە ھەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆ و قەزا و ناحیەکان و گوندەکان پڕۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری لە بواری جێبەجێکردندان و بەردەوامیش پڕۆژەی تازە جێبەجێ دەکرێن، لەم کابینەیەشدا گرنگیی زۆر بە دروستکردنی رێگای گوندەکان دراوە و رێگایان بۆ دروست دەکرێت، ئەمەش بۆتە جێگەی خۆشحاڵیی خەڵکی خۆمان، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھیچ ناوچەیەکی فەرامۆش نەکردووە و خزمەتی ھەمووان دەکات بەبێ جیاوازی.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار