٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کوردانى تاراوگە بۆ KDP: پێشکەوتن و ئاوەدانیەكەى پێمان دەڵێ کوردستان سەرکەتووە

سەرچاوە: KDP.info

ئەورووپا-KDP.info- کوردانى تاراوگە لە وڵاتى ئەڵمانیا، سوید و نەڕویژ، خۆشحاڵن بەم پێشکەوتن و ئاوەدانییەى کە لە کوردستان بەردەوامە، دەشڵێن ئێستا پایتەختى کوردستان هاوشانى پایتەختى دەوڵەتانى جیهانە، هەر چەند ساڵ جارێک کە بە سەردان دەگەڕێینەوە، چاومان بە پێشکەوتنى زیاتر دەکەوێت، دەمانەوێت ئێمەش ئەو شارەزایى و زانیاریانەى هەمانە، بیخەینە خزمەتى وڵاتەکەمان.

محەمەد ئەسكەندەر، چالاکوانى سیاسی لە وڵاتى نەرویژ، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: لە ساڵى ١٩٩٧ ڕۆیشتووینەتە ئەورووپا، دوو بۆ سێ ساڵ جارێک دەگەڕێمەوە بۆ کوردستان، هەر جارێکیش کە دەگەڕێمەوە ئاوەدانى و پێشکەوتن و گۆڕانکاریى زۆر لە کوردستان دەبینم، ڕێگاوبان و سەوزایی و باڵاخانە و قوتابخانەى جوان و بە سیستمى نێودەوڵەتى دەبینین، دروستکردنى ئەو بەنداو و پۆندانەى دەبنە هۆى بووژانەوەى گەورەى کشتوکاڵ و ئاودێرى و ئاژەڵدارى و زیادبوونى ئاوى ژێر زەوى، ئێمەى کوردانى تاراوگە زۆر خۆشحاڵین بە بەردەوامیى پێشکەوتنەکانى کوردستانەکەمان لە هەموو سێکتەرەکاندا. 

ناوبراو گوتیشى، هەر کاتێک كە دەگەڕێمەوە هەولێر، دەبینم گۆڕانکاریى گەورەى بەسەردا هاتووە، ئێستا هەولێر خاوەنى شەقامی ١٠٠ و ١٢٠ و ١٥٠ مەترییە، دەوڵەتێکى وەک نەڕویژیش هەر خاوەنى شەقامى ١٢٠ مەترییە، بەڵام شەقامەکانى بچووکن.

مامۆستا سازان جەلال لە وڵاتى سوید، بۆ ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستان ڕایگەیاند: وەک کوردێکى دانیشتووى وڵاتى سوید، زۆر خۆشحاڵم بەو پێشکەوتنەى لە کوردستان هەیە، ئەگەر بارودۆخ بگونجابایە پێم خۆش بوو بە زووترین کات بە یەکجارى بگەڕێمەوە بۆ وڵاتەکەم، ئەو پێشکەوتن و ئاوەدانییەى کە هەیە، پێمان دەڵێ کوردستان سەرکەتووە.. سەربارى نەیارانى ناوخۆ و دوژمنانى دەرەکى، کابینەى نۆیەم بە تایبەتى لە ڕەوڕەوەى ئاوەدانى بەردەوامە و کوردستانیان بە جیهان دەڵێ، خاکى خۆمان خۆشدەوێ و ئاوەدانى دەکەینەوە.

سازان ڕوونیشى کردەوە، گرنگیدانى کابینەى نۆیەم بە کشتوکاڵ، ڕاستەوخۆ کاریگەرى هەیە لەسەر بەهێزکردنى کوردستان، بە جیهان دەگوترێت سەربارى داگیرکارى و دروستکردنى قەیرانەکان، بەردەوامین لە پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوە، ئێمەى کوردانى تاراوگە، خۆشحاڵین بە پێشکەوتنەکانى وڵاتەکەمان و دەبێت پڕۆژەمان هەبێت، بۆ ئەوەى حکوومەتەکەمان سوود لە تواناى کوردانى تاراوگە وەربگرێت، بۆیە ئێمەى کوردانى تاراوگە کە کۆدەبینەوە پێکەوە بە خۆشخاڵییەوە باس لە پێشکەوتنەکانى وڵاتەکەمان دەکەین، پێمان باشە ئەو توانا و شارەزاییەى هەمانە بیخەینە خزمەتى ئاوەدانیى زیاترى وڵاتەکەمان.

نادر دۆغاتی، بەرپرسى فیدڕاسیۆنى کۆمەڵەى کوردستانیانى ئەڵمانیا، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: ئەمساڵ من لە کوردستان بووم لە هەولێر و دهۆک و چەند ناوچەیەکى دیکە، بە ڕاستى چاومان گەشایەوە بە بینینى ئەو پێشکەوتن و ئاوەدانییەى وڵاتەکەمان، لە ڕێگاوبان و تونێلى ستانداردى جیهانى، بەڕاستى وام دەزانى لە وڵاتێکى ئەورووپا دەگەڕێم، دەستخۆشى لە حکوومەتەکەمان دەکەم، سەربارى ڕێگریەکانى وڵاتانى دراوسێ و بەغدا، بەڵام ئاوەدانیى وڵات بەردەوامە، پێشکەوتنى گەورە هەیە لە هەموو سێکتەرەکاندا، بۆیە لەگەڵ هاوڕێ ئەڵمانییەکانم كە باسى کوردستانیان لە ڕووی ئازادى و ئاوەدانى و پێشکەوتن و باسى ئەم ئاساییش و ئارامییەى کوردستانیان بۆ دەکەم، ئەم دۆخە ئارامییەى کە لە کوردستان هەیە بڕوا بکەن لە ئەورووپاش بوونى نییە.. هەرزانیی زۆر لە کوردستان هەیە و پێشبینى دەکەم چەند ساڵێکى دیکە بەرهەمهێنان زیاتر بێت، کە پێویستى بە هەناردەى دەرەکى نەبێت لە هەموو سێکتەرەکاندا.

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار