مەردان خدر بۆ KDP: چەندین پڕۆژەی دیکە بۆ ئاکرێ و بەردەڕەش رادەگەیندرێن

ئاکرێ-KDP.info- بەرپرسی لقی 9ی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەست بە گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش دەڵێ، بە دەیان کۆبوونەوەمان لەگەڵ حکوومەت کردووە لەگەڵ پارێزگاری دھۆک و وەزیرەکان و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و چەند جارێکیش کۆبوونەوەمان لەگەڵ کردووە و فۆکسی ئێمەش بۆ خزمەتکردنی ئەو ناوچانە بووە، کە بێگومان ئەنجامی باشی ھەبووە.
دکتۆر مەردان خدر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش، جێگەی ڕێزە و بەرز دەینرخێنین، ماوەی ئەم کابینەیە سەرەڕای قەیرانەکان و نەخۆشیی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێم و ئەو کێشانەی بەغدا بۆ ھەرێم دروستی کردوون، کار و پڕۆژە و خزمەتگوزاریی حکوومەت بۆ ئەو دوو ناوچەیە بەردەوام بوون، بۆیە ئەم چەند ساڵە بۆ ئاکرێ و بەردەڕەش ماوەیەکی زێڕین بووە و زۆرترین پڕۆژە لەو دوو ناوچەیە ئەنجام دراون".
خدر گوتیشی: "بەردەوام پڕۆژە لە بواری جێبەجێکردندان و ھیچ کاتێک پڕۆژە رانەگیراوە و ئێستاش چەندین پڕۆژە لە بواری جێبەجێکردندان، کە لەم چەند رۆژەدا کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکە دەدرێنە کۆمپانیا و دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێت، کە گرنگترینیان دووسایدی ناو روڤیا و تەواوکردنی دووسایدی دھۆک بۆ ئاکرێیە، هەروەها چەندین پڕۆژەی دیکەش رادەگەیندرێن".
بەرپرسی لقی 9ی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەشی دا: "بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەگرێبەستکردنی وانەبێژان، ھەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو، کە رێژەیەکی زۆریان دەکەونە ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش، کە ژمارەیان زیاتر لە چوار ھەزار وانەبێژە، ئەمەش خزمەتێکی گەورە بوو بە پرۆسەی خوێندن و ئەو وانەبێژانە کە خزمەتی پرۆسەی خوێندنیان دەکرد، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەی لە توانایدا بێت درێخی نەکردووە و سەرۆکی حکوومەت خۆی چەندین جار سەردانی ئەو ناوچانەی کردووە و گرنگیی زۆری بە ھەردوو کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاری داوە، کە دەوڵەمەندە بەو دوو کەرتە و بووە ھۆی ئەوەی بەرھەمی کشتوکاڵی زیاد بێت و بچێتە دەرەوە، چونکە بە ھەموو جۆرە بەرھەمەکان دەوڵەمەندە و حکوومەتیش بازاڕی بۆ دۆزیوەتەوە".
ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو: "ئێمە وەکو حیزب بەردەوام و رۆژانە لەگەڵ حکوومەت لە پەیوەندیدا بووین و داواکاری و گلەیی و گازەندەی ھاووڵاتیانمان گەیاندووە بە لایەنی پەیوەندیدار، لە ماوەی دوو ساڵیشدا بە دەیان کۆبوونەوەمان لەگەڵ حکوومەت کردووە لەگەڵ پارێزگاری دھۆک و وەزیرەکان و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و چەند جارێکیش کۆبوونەوەمان لەگەڵ کردووە و فۆکسی ئێمەش بۆ خزمەتکردنی ئەو ناوچانە بووە، کە بێگومان ئەنجامی باشی ھەبووە".
دەشڵێ: "جێگەی خۆشحاڵییە بووینەتە پردێکی پەیوەندی لە نێوان حکوومەت و خەڵکدا، بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە ببووژێنەوە".
خدر باسی لەوەش کرد، پڕۆژەی دووسایدی بەردەڕەش بۆ روڤیاش رەزامەندی لەسەر دراوە و دراوە بە کۆمپانیا دیزاین و جێبەجێی بکات، کە بڕیارە لە ماوەیەکی کورتدا ئەو پڕۆژەیەش بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بڵند ئیبراھیم




