خوێندنی کوردی لە کەرکووک: رێکارەکانی وەرگرتنی زەویمان تەواو کردووە

کەرکووک -KDP.info- بەڕێوەبەی خوێندنی کورد لە کەرکووک گوتی: ھەموو ڕێکارەکانی وەرگرتنی زەویمان تەواو کردووە، بڕیارە لەبارەی وەرگرتنی زەوی، ھەفتەی داھاتوو سەردانی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بکەین.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ھەموو ڕێکارەکانی وەرگرتنی زەویمان تەواو کردووە و وردبینی ناوەکانیش تەواو بووە و تەنیا ھەزار مامۆستا ماون پەنجەمۆر بکەن، ئەوانەی دیکە تەواو بوون، ئەوانیش پەنجەمۆری خۆیان دەکەن و زیاتر لە چوارھەزار مامۆستا لە وەرگرتنی زەوی سودمەند دەبن .
کامەران عەلی گوتیشی: بڕیارە ھەفتەی داھاتوو سەردانی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان بکەین بۆ ئەوەی زەویمان بۆ دیاری بکرێت بۆ دابەشکردن، چاوەڕێ دەکرێت لە سنووری شارەوانییەکانی ھەولێر زەوی وەربگرین، بۆیە ئێمەش لەگەڵ فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان زەوی وەردەگرین، ھەرکاتێک لە ھەرێمی کوردستان دەست بە دابەشکردنی زەوی کرا، ئێمەش لەگەڵ ئەوان زەوی وەردەگرین، ئەوەی لەسەر ئێمە بوو ھەموو کارەکانی خۆمان تەواو کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕۆژانی پشووش دەواممان کردووە، خۆشبەختانە کۆتایی بە کارەکان ھاتووە و ھەموو کارەکانمان تەواوکردووە.
بڵند ئیبراھیم




