٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەبارەی بەرھەمھێنانی زیاتری کارەباوە KDP زانیارى نوێ دەخاتەڕوو

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر.KDP.infoـ گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، بە ھۆی گەرمای بەھێزی ئەم ھاوینە فشارێکی زۆر لەسەر کارەبا ھەبوو، کە خواست لەسەر کارەبا گەیشتبووە نزیکەی ٦٠٠٠ مێگاوات، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بە گشتی ڕۆژانە زیاتر  لە ١١سەعات کارەبا بە ھاووڵاتیان دراوە، بۆیە هەرچەندە کەشوھەوا فێنک بێت سەعاتەکانی کارەباش زیاتر دەبن، لە ئێستاشدا زیاتر کار لەسەر ئەوە دەکرێت بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا پشت بە وزەی خۆر ببەسترێت، خەڵکێکی زۆریش کارەبا لە خۆر بەرھەم دێنن.. ئێمەش وەکو حکوومەت پشتگیرییان دەکەین، ئەگەر دۆخی دارایی باش بێت ئەوا لە ڕووی داراییش ھاوکار دەبین، لەبەر ئەوەى وزەى خۆر وزەیەکی پاکە و تێچووی بەرھەمھێنانیشی کەمترە.

ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، هاوینى ئەمساڵەمان زۆر گەرمە! بۆیە گرفتی زۆری بۆمان دروست کردووە لە پێدانی کارەبا و بەرھەمی کارەبا، پێشبینیش دەکرێت ئەم فشارە بەردەوام بێت تاوەکو ٢٠/٩، بۆیە سەرەڕای ئەو گەرما بەھێزە توانراوە بە گشتی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە  ١١سەعات کارەبا بە ھاووڵاتیان بدرێت و لە ھەندێک ناوچەش کارەبای زیاتر دابین کراوە، لە ئێستادا بەرهەمى کارەبا دەگاتە نزیکەى ٣٧٠٠ مێگاوات، بەڵام لە بەرامبەریشدا خواستى هاووڵاتیانییش بەرز بۆتەوە بۆ ٦٠٠٠ مێگاوات، بۆیە چەندە کەشوھەوا فێنک بێت سەعاتەکانی کارەبا زیاتر دەبن. بەستنى پێوەری کارەباش هاوکارییەکى زۆرى ئێمەى کردووە، لەبەر ئەوەى بارگرانیی سەر کارەبا و سووتانی وێستگەکان و کێشەی تەکنیکی زۆر کەم کردۆتەوە، بەڵام بۆ خواستی کارەبا ھێشتا گرفتەکەی چارەنەکراوە، بە ھۆی ئەوەی ھێشتا ٥٠٠ ھەزار ھاوبەش ماوە پێوەریان بۆ ببەسترێت و زیاتر لە ملیۆنێک ھاوبەشیش پێوەریان بۆ بەستراوە و بەردەوامیشین لە بەستنى پێوەری کارەبا بۆ ھاوبەشەکانمان، بۆیە ئەگەر تەواو بێت ئەوکات دەتوانین زیاتر سوود لەو شێوازە تازەی پێدانی کارەبا وەربگرین و بتوانین کۆنتڕۆڵی سەرپێچییەکانیش بکەین، لەبەر ئەوەی ھەر ماڵێک پێوەری زیرەکی بۆ دانرابێت ئەوا ناتوانێت سەرپێچى بکات.

ئەحمەد، گوتیشی لە سیستمی پریپەیید جارێ لە قۆناغی ئەزموونیداین و لە زۆر شوێن جێبەجێ کراوە و جارێ چاوەڕێی ئەنجامەکانین و داتا کۆدەکەینەوە تا بزانین ئەنجامەکان چۆنن بۆ ئەوەی بتوانین لە ھەموو ھەرێمی کوردستان جێبەجێى بکەین، بۆ باشترکردنی دۆخی کارەباش پلان و ماستەرپلانمان ھەیە و چاوەڕێ دەکرێت بوودجەمان بۆ دابین بکرێت لەبەر ئەوەی ئێمە وەکو ژێرخان ٧٥٠٠ مێگاوات کارەبامان ھەیە، بۆیە بوودجەمان بۆ دابین بکرێت ئەوکات دەتوانین پڕۆژە ئامادەکراوەکانمان ئەنجام بدەین.

لەبارەى سوود وەرگرتن لە وزەی خۆر سێ پڕۆژەمان لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک ھەیە و سەرقاڵى جێبەجێکردنین و ھەنگاومان ناوە بۆ ئەوەی سوود لە وزەی خۆر ببینین  لەجیاتی بەرھەمھێنانی کارەبا بە گاز، لەسەر ئاستی ماڵان و کۆمپانیاکان و پڕۆژە کشتوکاڵییەکان ھەنگاوی باش نراوە و ئەگەر گرفتی دارایی نەبێت لە ڕووی  داراییش ھاوکار دەبین، بۆ ئەوەی لە بەرھەمھێنانی کارەبا زیاتر پشت بە وزەی خۆر ببەستین، ئێستا ھەنگاوی زۆر باش نراوە و کار دەکەین و ھاوکارین بۆ ئەوەی ڕێژەکە زۆر زیاتر بێت، لەبەر ئەوەى وزەى خۆر وزەیەکی خاوێنە و تێچووى کەمە و لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندایە.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار