٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی بۆ KDP: مەسروور بارزانی جووڵەیەکی بەھێزی خستە ھەڵەبجەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەڵەبجە-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵەبجە، لەبارەی گرنگیدانی سەرۆکی حکوومەت بە شاری ھەڵەبجە زانیاری دەخاتە ڕوو و دەڵێت، بە ھۆی ئەو پڕۆژانەوە جووڵەیەکی بەھێز کەوتە شاری ھەڵەبجەوە.

دلێر حەمەکەریم، بەرپرسی لقی ١٢ی ھەڵەبجەی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان مەسروور بارزانی، سێ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە پارێزگای ھەڵەبجە جێبەجێ دەکرێن، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بریتین لە دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی و چاککردنی ڕێگەی بەردەم نەخۆشخانەی گشتیی ھەڵەبجە کە بەھۆی لافاوەوە تێکچووە و دروستکردنی باڵاخانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی ھەڵەبجە، دروستکردنی باڵاخانەی بنکەی پۆلیسی شەھید سەرکار".

ناوبراو گوتیشی: "سەردانەکەی چەند مانگێک پێش ئێستای مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگای ھەڵەبجە بەرھەمدار بوو، کاتێک ژمارەیەک داواکاریی خرایە بەردەم سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕەزامەندی لەسەر سەرجەمیان دراو بە جێبەجێکردنی داواکارییەکان، ئاستی خزمەتگوزاریی لە ھەڵەبجە دەچێتە قۆناغێکی زۆر باشەوە و بەھۆی ئەو بڕیارانەوە جووڵەیەکی بەھێزی ئاوەدانی کەوتەوە شاری ھەڵەبجەوە، ئەگەر ڕێگەش بدرێت و ئاستەنگ دروست نەکرێت دەستی ئاوەدانی چۆن لە ھەولێر و دھۆک ھەیە، ئاواش لە ھەڵەبجە دەکرێت".

دلێر حەمە کەریم ئەوەشی خستە ڕوو: "ڕەزامەندی دراوە لەسەر تەرخانکردنی ڕێژەی ٢٠٪ی داھاتی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای ھەڵەبجە کە ئەمە باشترین دەرفەتە بۆ ئیدارەی ھەڵەبجە کە خزمەتی شارەکە بکەن و لە ڕووی کارگێڕیییەوە ئەم دەسەڵاتپێدانە زۆر گرنگە بۆ بەرەوپێشبردنی شارەکە و پێدانی دەسەڵات بە پارێزگای ھەڵەبجە بۆ خەرجکردنی ئەو ڕێژەیە لە چوارچێوەی ڕێسا و ڕێنماییەکان بۆ خزمەتکردنی ناوچەکە، بە مەرجێک ساڵانە پلان بەرز بکرێتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ھەماھەنگیکردن و پەسەندکردنی ھیوادارم لە ئەنجوومەنی وەزیرانیشەوە چاودێری خەرجکردنی پارەکە بکرێت".

بەرپرسی لقی ١٢ زیاتر قسەی کرد و دەشڵێت: "ھەر لەم کابینەیە بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی درا لەسەر زیادکردنی پێشینەکانی دیوانی پارێزگا و قایمقامیەتەکان و ناحیەکانی سنووری پارێزگای ھەڵەبجە لە (٥٦) ملیۆن دینار بۆ ١٣٤ ملیۆن دینار و پێدانی دەسەڵات بە پارێزگا و قایمقامیەتەکان بۆ خەرجکردنی پێشینەی کتوپڕ".

ھاوکات باس لەوەش دەکات: "یەکێکی دیکە لە بڕیارە گرنگەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، کردنەوەی فەرمانگەی نوێ و بەفەرمیکردنی دەروازەی سنووری (مەرزی سازان) کە خواست و ویستی ھەڵەبجەییەکان بووە، جیا لەوەش لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەت بڕیار دراوە (بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی ھەڵەبجە) لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە بکرێتەوە و میلاکی بۆ دەستنیشان بکرێت و دامەزراندنی فەرمانبەر و پڕکردنەوەی میلاک و ڕەزامەندی درا لەسەر دامەزراندنی (٥٢) فەرمانبەر بە شێوەی گرێبەست لە پسپۆڕییە جیاوازەکان بۆ دیوانی پارێزگای ھەڵەبجە و قایمقامیەتەکانی و ناحیەکان".

بەرپرسی لقی ١٢ ئاماژەی بەوەش کرد: "خەڵکی ھەڵەبجە ھەر ئەو چاوەڕوانییە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی حکوومەت دەکەن، جیا لە ھەموو ئەمانەی باسم کرد، کردنەوەی پردی توەقوت کە ھەڵەبجە بە گەرمیان دەبەستێتەوە و کردنەوەی سایلۆی ھەڵەبجە و کردنەوەی دەروازەی شار بە دیزاینی جوان، ھەموو ئەمانە پڕۆژەن، جیا لەوەش لەسەر بودجەی پارتیش بەدەر لەو پڕۆژانەی حکوومەت چەندین شوێن لە ناوچەی تاوەگۆز و چەندین گوندی دیکەی ھەڵەبجە کە قیرتاو نەبوون، قیرتاو کراون".

 

هەواڵی پەیوەندیدار