"نەوت و گاز" پرسێكی نیشتمانییە

ئازا حەسیب قەرەداخی
لە لایەن بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە، بەتایبەتیش لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕان و دەزگای راگەیاندنی ئەو بزووتنەوەیە و چەند دانەیەكی دیكەی نزیك لە خۆیەوە، هێرشێكی سیاسی لە دژی پرسی نەوتی هەرێمی كوردستان بەرپایە.
سەرەڕای ئەوەی چەندینجار رەهەند و پێدراوەكانی ئەم پرسە لەلایەن وەزیری سامانە سروشتییەكان و خودی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم و جێگرەكەیەوە روون كراوەتەوە، وەلێ هەمیشە یەكێكە لە سەرەكیترین ئەو پرسانەی لە بازاڕی ململانێی سیاسیدا دەهێنرێتەوە بەر مامەڵە.
تازەترین كاڵای ئەم پرسە كە بزووتنەوەی گۆڕان لە بازاڕی سیاسیدا سەوداو مامەڵەی پێوە دەكات ئەوەیانە كە گرێدراوە بە ئەگەرەكانی هەڵوێست وەرگرتنی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجوومەنی نیشتمانی عێراق و لە كابینە و پۆستەكانی حكومەتی فیدراڵدا، چ بە كشانەوە یان بە مانەوە.
بزووتنەوەی گۆڕان نەوت و گازی بەم ئەگەرانەوە وەها گرێدراوە كە گوایە بنەمای هەڵوێست وەرگرتنەكە پەیوەستە بە نەدانی پارەی كۆمپانیاكانی نەوت كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە.
سیاسەت و ململانێی سیاسی لەم گرێدانەدا ئەوەیە كە هەڵوێست وەرگرتنی سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان بەهۆی "پرسی گەورەی نیشتمانیی"ـەوە نییە !! بەڵكو بەهۆی "پارەی نەوتەوە"یە!!.
بەم مانایە بزووتنەوەی گۆڕان و راگەیاندنە فەرمییەكەی و ئەوانەی لە سێبەری ئەودان، دەیانەوێ لە بەها و پێدراوە سیاسی و نیشتمانییەكانی هەڵوێست وەرگرتن لەبەرامبەر تیمەكەی مالیكی، كەم بكەنەوە. لە پرسێكی نیشتمانییەوە گشتگیرەوە بچووكی بكەنەوە بۆ پێدراوێكی "بچووكی بێ بەها"!! كە پارەی كۆمپانیاكانی نەوت وگازە!!
مەزەندەی دژ بەیەك
بزووتنەوەی گۆڕان لە خوێندنەوەیدا بۆ سروشتی قەیرانی ئەمڕۆی عێراق و كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەڵوێست وەرگرتنی سەركردایەتی سیاسی لەو بارەیەوە، هەمیشە مەزەندەی ناكۆك و دژ بەیەكی هەبووە و هەیە.
لە دەورانێكدا هەموو كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدای لە كیچشەی شخصی نێوان سەرۆكی هەرێم و نوری مالیكیدا كورت كردەوە. پاشان خۆی هاتە سەر ئەو باوەڕەی كە ناكۆكییەكان راستەقینەن و تیمەكەی مالیكی، عێراق بەرە و لێواری داڕمان و پێكدادانی نەتەوەیی و مەزهەبی و هاتنەوە ئارای دیكتاتۆری و تاكڕەوی و هەڵوەشانەوەی بنەماكانی سازان و شەراكەت دەبات.
دوا هەڵوێستی سیاسیشیان لەم بارەیەوە لەو رەشنووسەدایە كە لیژنەی گەڵاڵەكردنی هەڵوێست سەبارەت بە كێشەكانی هەرێم لەگەڵ بەغداد رایگەیاندووە.
سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان هاوڕێ لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكانی یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی و لیستی كوردستانی ئەندامی ئەو لیژنەیەن و رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی 28ی ئادار لە دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم كۆبوونەوە و رەشنووسێكیان ئامادە كردووە بۆ مەزەندەكردنی دەرەنجامە ئەرێنی و نەرێنییەكانی كشانەوە لە پەرلەمان و حكومەتی عێراق یان مانەوە.
لە راگەیەنراوی ئەو كۆبوونەوەیەدا سروشتی قەیرانی ئەمڕۆی عێراق و ئەو كێشانە دیاری كراوە كە وا دەكات هەڵوێستێكی یەكگرتووی كوردستانی گەڵاڵە بكرێ بۆ رووبەڕووبونەوە و مامەڵەكردن لە تەكیاندا و وتراوە: (كێشەكان چەندین ساڵە لەنێوان بەغدا و كوردستان بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و مەودای قەیرانەكە ئەمڕۆ سەرانسەری عێراق و سەرجەم پێكهاتەكان و هەموو ئاستەكانی ئەمنی و خزمەتگوزاری گرتۆتەوە و گەیشتۆتە ئەو ئاستە مەترسیدارەی هەڕەشە لە سەرلەبەری پرۆسەی دیموكراسی و بنەماكانی تەوافوق و شەراكەت بكات).
كەواتە لەم چەند دێڕەدا سروشتی قەیرانەكە بە گشتگیر و مەترسیدار بۆ سەرلەبەری پرۆسەی دیموكراسی و بنەماكانی تەوافوق و شەراكەت و هەڕەشە بۆ سەر سەرجەم پێكهاتەكان و هەموو ئاستەكانی ئەمنی و خزمەتگوزاری دەستنیشان كراوە، ئەدی كەواتە بۆ دەبێ لە لێدوانی لێپرسراوان و هەندێ لە پەرلەمانتار و راگەیاندنەكانی ئەم بزووتنەوەیە و ئەوانەی سێبەرییەوە كورت بكرێتەوە لە (نەدانی پارەی كۆمپانیاكانی نەوت)ـدا؟!
ئایا مەزەندەی ئەم بزووتنەوەیە بۆ ئەم پرسە نیشتمانیە مەترسیدارە بۆ دەبێ دووفاق و ناكۆك بێ؟! لەلایەك وەكوو مەزەندەیەكی راستەقینە و هوشیارانە بۆ قەیران و كێشەگەلێكی مەترسیدار راگەیەنرێ. لەلایەكی ترەوە هەوڵ بدرێ بێ بەها بكرێ و لە یەك كەیسدا بچووك بكرێتەوە؟!
پرسی نەوت پرسێكی نیشتمانییە
ئەگەر بە گریمانەیش بێ با بڵێین هەڵوێست وەرگرتنەكە لەسەر پرسی نەوت و گازە. ئینجا بپرسین كە ئایا پرسی نەوت و گاز پرسێكی بچووكی بێ بەهایە و لە ئاستی پرسە نیشتمانییە گەورەكاندا نییە؟!
بزووتنەوەی گۆڕان هوشیارییەك بڵاو دەكاتەوە كە نەوت پرسێكی نیشتمانیی نییە. بەمەیش خەتایەكی گەورەی نیشتمانی دەكات. چونكە بەڕاستی نەوت پرسێكی نیشتمانی هەرە مەزنە و یەكێكە لە پایەكانی ئاسایشی نەتەوەیی.
پیشەسازی نەوت و گاز لەپاڵ چالاكییەكانی دیكەی ئابووریدا، بنەما و بناغەی گەشەكردنی ژێرخانی ئابوورییە. لەسەرینی ئابووریشەوە، چ ئەمڕۆ بێ چ لە ئایندەدا، بناغەی گەشەكردنی كۆمەڵایەتی و سیاسی و هەموو كایەكانی دیكەی ژیارییە لە هەرێمی كوردستاندا.
هەروەها پرسێكە سەروەری و مافی دەستووری هەرێم دەچەسپێنێ لە سوود وەرگرتن لە سامانە سروشتیەكانی خۆی و بەكارهێنانی وەكوو ئامڕاز بۆ گەشەكردن و رایەڵە بۆ پەیوەندییەكانی لە ناوچەكە و جیهاندا.
خۆ ئەگەر بە وردی لەم بورانەیش نەكۆڵینەوە هەقە بۆ دروستكردنی هوشیارییەكی راستەقینەی چەواشەنەكرد، پرسیار و ئەگەری راستەقینە لەلای رای گشتی بوروژێنین.
وڵاتێكی زلهێزی وەكوو ئەمریكا نەوت و گاز وەكوو دوو پایەی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی ئەژمار دەكات و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نەوتییەكانی بە بلیۆنەها دۆلار خەرج دەكات و بنكەی سەربازی دادەنێ و لەشكركێشی بۆ وڵاتانی كەنداو و شوێنانی دیكەی جیهان دەكات و شەڕ دەكات و هەزاران هەزار لە هاوڵاتیانی بە قوربانی دەدات. داكۆكی لە كۆنەپەرسترین رژێمەكانی ئەم ناوچەیە دەكات تەنیا بۆ ئەوەی هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییە نەوتییەكانی دوور بخاتەوە. ئەدی ئەوە بۆ نابێ حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوت و گاز وەكوو دوو پایەی ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی كوردستان دابنێ و داكۆكی لەبەرژەوەندییە نەوتییەكانی گەلی كوردستان بكات لە سەر خاكی خۆی لە كوردستاندا و شەڕ لەگەڵ ئەوانە بكات كە نایانەوێ گەلی كوردستان سوودمەند بێ لە سامانی خۆی؟!
لە دوای شەڕی یەكەمی جیهانییەوە و دواتر لە پاشی شەڕی دووەمی جیهانییەوە هەمیشە یەكێك لە ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتێكی زلهێزی وەكوو رووسیا ئەوە بووە كە شوێن پێیەك بۆ خۆی لە ناوچەی (ئاوە گەرمەكان) كە دەكاتە كەنداو و وڵاتانی نەوتین، بكاتەوە. ئەم ستراتیژە پێوەری بووە لە جۆر و ئاستی پەیوەندییەكانی دەرەوەیدا. پێودانگێكی هەرە لەپێش بووە بۆ بەرامبەرێنە و دژایەتی لەگەڵ ئەمریكا. لەم پێناوەدا لاگیری و پشتگیری دیكتاتۆران و وڵاتانی كۆنەپەرستی كردووە. ئەدی بۆ دەبێ بۆ حكومەتی هەرێم داكۆكی لە بەرژەوەندی خۆی لەسەر خاكی خۆی نەكات؟ بۆ دەبێ پرسی نەوت وەكوو پرسێكی نیشتمانی و ئاسایشی نەتەوەیی نەكاتە پێوەری جۆر و ئاستی پەیوەندی هەرێم بە بەغداد و غەیری بەغدادەوە؟!
ئەم دوو فاقییە لە سیاسەتی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەوانەی لاسایی ئەو دەكەنەوە یان شوێنپێی هەڵدەگرن هەقە ئەو راستییە بزانن كە ململانێی سیاسی كاتییە و پەیوەستە بە خولەكانی هەڵبژاردن و ئیرادەی دەنگدەرانەوە. بەڵام پرسی نەوت و گاز پرسی نیشتمانین و هەتاهەتایین و ئاسایشی نەتەوەیی و ئابووری و پرۆسەكانی گەشەكردنی پپێوە بەندە و ئامڕازێك نییە بۆ چەواشەكردنی دەنگدەر لەپێناوی دەنگەكەیدا.




