مەسروور بارزانی بڕیاریدا سەرجەم وانەبێژانی هەرێم بکرێنە گرێبەست

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی دوای گوێگرتنی لە خواست و داواکارییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ، بڕیاریدا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکوومەت، سەرجەم وانەبێژان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت بکرێنە گرێبەست.
ئەمڕۆ یەکشەممە (25ـی ئابی 2024) مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان کرد.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی مامۆستایان و وانەبێژانی کرد کە سەرەڕای دۆخی سەختی دارایی، کۆڵیان نەداوە و درێژەیان بە ئەرک و پەیامی پیرۆزی خۆیان داوە و بەرپرسیاریەتی خۆیان بەجێگەیاندووە.
هاوکات سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە بە داخەوە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکرێت، هەر بۆ نموونە لە ئاستی حکوومەتی فیدراڵدا، لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا، تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا، نزیکەی یەک ملیۆن کەس دامەزراون، بەڵام تەنانەت یەک کەسیان بۆ هەرێمی کوردستان دانەمەزراندووە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای گوێگرتنی لە خواست و داواکارییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ، بڕیاریدا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکوومەت هەرێم، سەرجەم وانەبێژانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت بکرێنە گرێبەست.
نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ خەمخۆری و پشتیوانیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دەربڕی.




