ئەم هەفتەیە سەرۆکوەزیران کۆمەڵێک کۆبوونەوەی گرنگ لە ئاستی باڵا دەکات

هەڵەبجە-KDP.info- گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک پڕۆژەی بۆ هەڵەبجە ڕاگەیاند و گوتی، پڕۆژەکانیش پارەیان بۆ تەرخان کراوە، دەشڵێت: لەسەر پرسی مووچە، ئەم هەفتەیە سەرۆکوەزیران کۆمەڵێک کۆبوونەوەی گرنگ لە ئاستی باڵا دەکات.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بۆ ڕاگەیاندنی کۆمەڵێک پڕۆژە سەردانی هەڵەبجەمان کردووە و لەگەڵ هەردوو جێگرانی پارێزگاری هەڵەبجە کۆبوینەوە و گفتوگۆمان لەسەر کردووە.
گوتیشی: سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، خۆی چاودێریی پڕۆژەکانی هەڵەبجە دەکات، هەروەها مەبەستیەتی خاڵ بەخاڵی داواکارییەکانی هەڵەبجە جێبەجێ بکرێن. دەشڵێت: باڵەخانەیەکی مۆدێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەڵەبجە دروست دەکرێت، کە بەزووترین کات دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، هەروەها باڵەخانەیەکی نوێش بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ دروست دەکرێت.
پێشەوا هەورامانی ڕوونیشی کردەوە، 250 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی شەقامی گشتیی هەڵەبجە تەرخان کراوە، هەروەها نزیکەی 100 ملیۆن دینار بۆ دوو پڕۆژەی گەشتیاری لە بیارە، لەسەر بڕیاری نووسینگەی سەرۆکوەزیران تەرخان کراوە، ڕەزامەندی لەسەر 114 ملیۆن دینار، بۆ بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی هەڵەبجە دراوە کە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی پەتای کۆلێرایە.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەش دا، "ناوچەی پیشەسازیی هەڵەبجە کاری لەسەر کراوە بەزووترین کات دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، جگە لەوە دەستەی وەبەرهێنان لێخۆشبوونی ڕسوماتی بۆ هەموو ئەو پڕۆژانە دەرکردووە کە تایبەتە بە پارێزگای هەڵەبجە. ئەو پڕۆژانەش کاریگەرییان لەسەر هەلی کاری ناوچەکە دەبێت".
دەشڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی داهاتوودا کۆمەڵێک پڕۆژە لە خورماڵ ڕادەگەیەنێت، کە ئەیەوێت خورماڵ و هەورامانیش ببنە ناوەندێکی گرنگی گەشتوگوزاری لە ناوچەکەدا، ئەوەش پڕۆژەکان بوون کە هەموویان پارەیان بۆ دابین کراوە.
سەبارەت بە مووچەش هەورامانی گوتی: هۆی نەهاتنی مووچە، پەڵپ پێگرتنێکی سیاسییە و برسیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، هیچ پاساوێکیان بەدەستەوە نییە کە مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستانیان بڕیووە، ئەوەش پێچەوانەی دەستووری عێراقی و دادگای فیدراڵییە، چونکە دادگای فیدراڵی گوتی نابێت مووچە تێکەڵ بە سیاسەت بکرێت. هەموو داواکارییەکانی بەغداش جێبەجێ کراون.
گوتیشی: لەم هەفتەیەدا سەرۆکوەزیران کۆمەڵێک کۆبوونەوەی گرنگ لە ئاستی باڵا، لەسەر ئەو پرسە دەکات، بۆیە ڕوون دەبێتەوە کە بۆچی مووچەیان نەناردووە. دەشڵێت: یەکێک لە پاساوەکانیان ئەوەیە بۆچی فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک مووچەیان لە هەرێمی کوردستان پێ دەدرێت؟ کە پێشتر ڕێكکەوتمان هەبووە ئەو فەرمانبەرانە بخەنە سەر وەزارەتی پەروەردەی عێراق، ئەوان ڕێککەوتنەکەیان جێبەجێ نەکردووە.




