گوھدار شێخۆ بۆ KDP: ھەموو شەقامەکانی زاخۆ قیرتاو دەکرێن

زاخۆ -KDP.info- سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەڵێت: تا ئێستا ٨١%ی شەقامەکانی زاخۆ قیرتاو کراون، پلانمان ھەیە ھەموو شەقامەکانی زاخۆ قیرتاو بکەین.
گوھدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردن، لەسەر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری زاخۆ بەردەوام دەبن.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گوتی: پڕۆژەکانی حکوومەت بەبێ جیاکاری لە ھەموو ناوچەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێ دەکرێن.
گوھدار شێخۆ ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: بەگوێرەی ئەو پلانەی ئێمە وەکو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەمانە، ھەموو شەقامەکانی زاخۆ قیر دەکرێن، ھیچ گەڕەک و شوێنێک نامێنێ شەقامەکانی قیرتاو نەبێت، بەپێی ئاماری بەردەست تا ئێستا ٨١%ێ شەقامەکان قیر کراون، ئەوانەیشی ماون لە پلاندایە قیریان بۆ دابین بکرێت.
قائید میرۆ




