٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سوودەکانی بەنداوی گۆمەسپان

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- جێگری پارێزگاری ھەولێر گوتی: بەنداوی گۆمەسپان یەکێکە لە پڕۆژە ھەرەگرنگەکان بۆ پارێزگای ھەولێر و چەندین سوودی لە چەندین سێکتەری جیاجیا بۆ ھەولێر ھەیە.
مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بەنداوی گۆمەسپان یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی ھەولێر و چەندین سوودی بۆ پارێزگای ھەولێر ھەیە، لەوانە، ئاوی ژێر زەوی زیاد دەکات، بۆ گەشتیاری زۆر گرنگە، بۆ ژینگە زۆر باشە و لە ئایندەدا دەتوانین وەکو سامانی ماسی سوودی لێ وەرگرین و بەشێکی ئاوی بەنداوەکە بۆ خواردنەوە بۆ ھەولێر دابین بکەین، لە لایێکی دی هەندێک ناوچەی ھەولێر لە لافاو دەپارێزێت.
مەسعود کاڕەش گوتیشی: بەنداوەکە کاری بەردەوامی تێدا دەکرێت و ھەنگاوی باشی بڕیوە، ھەر لە ئێستاوە ئاوێکی باشیشی تێدا گلدراوەتەوە، ئێستا بەشێکی سوودەکانی بەنداوەکە بۆ ھەولێر دەرکەوتوون، چونکە بوونی بەنداو بۆ ھەولێر یەکجار بەسودە، شانازی بەو جۆرە پڕۆژانەوە دەکەین کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جێبەجێیان دەکات.
تێچووی ئەو بەنداوە ٩٥ ملیار دینارە، بەرزییەکەی ٧٠ مەتر و درێژییەکەشی ٥١٢ مەترە و دەتوانێت ١١٥ ملیۆن مەتر سێجا باراناو کۆبکاتەوە، یەکەمجاریشە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق، کۆنکرێتی جۆری ئارسیسی لە پڕۆژەی دروستکردنی بەنداودا بەکار دەھێرێت، بەنداوی گۆمەسپان بە تەواوبوونی دەبێتە سێیەم گەورەترین بەنداو لە ھەرێمی کوردستان و ڕووبەرەکەی ٦ ملیۆن ١٢٥ ھەزار مەتر دووجا دەبێت.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار