"40 پۆند لە ھەرێمی کوردستان لە بواری جێبەجێکردن دان"

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان گوتی: تا ئێستا ھەشت پۆند تەواو کراون و ٤٠ پۆندی دیکەش لە بواری جێبەجێکردن دان.
د.کاروان ھەورامی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی گرینگیدان بە کەرتی ئاو، بایەخی زۆر بە دروستکردنی پۆند دەدات کە سوودێکی زۆری بۆ ھەموو کەرتەکان دەبێت، وەک ئاوی خواردنەوە، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، ئاژەڵداری، سامانی ماسی و زیادبوونی ئاوی ژێر زەوی، بۆیە تا ئێستا ھەشت پۆند لە ھەرێمی کوردستان تەواو بوونە و کەوتوونەتە خزمەت ھاووڵاتییانی خۆشەویست.
ھەورامی گوتیشی: ئەمساڵ کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دروستکردنی ٤٣ پۆندی دا لە ھەموو ھەرێمی کوردستان، ئێستا لە هەموو ناوچەکانی کوردستان ٤٠ پۆند لەژێر جێبەجێکردندان، پلانیشمان ھەیە بۆ ئەوەی لە ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان لە گەرمیانەوە تا زاخۆ پۆند دروست بکەین.
ناوبراو باسی لەوەش کرد: ئەو ھەشت پۆندەی دروست کراون، یەکێک لە گەرمیانە، یەکێک لە ھەڵەبجەیە، یەکێکیش لە زاخۆ، ئەوانەی دیکەش لە ھەولێر و دھۆک دروست کراون و تەواو بوونە.
یەکێک لە پلانەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا، گرنگیدانە بە کەرتی ئاو، بۆ ئەو مەبەستەش ھەنگاوی زۆر باش نراوە، ھەم لە دروستکردنی بەنداو، ھەم لە دروستکردنی پۆند، لەگەڵ سوودوەرگرتنی زیاتر لە ئاوی سەر زەوی بۆ ھەموو سێکتەرەکان.
بڵند ئیبراھیم




