٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری بازرگانی بۆ KDP: پارەی جووتیاران بەم زووانە ڕەوانە دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی عێراق قسەیان کردووە و کێشەی ناردنی پارەی گەنمی جووتیاران چارەسەر دەبێت و بەم زووانە پارە ڕەوانە دەکرێت.

کەمال موسلیم، تایبه‌ت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی عێراق بۆ ئەمساڵ لە کڕینی گەنمی جووتیاران پارەی زۆرینەی گەنمی جووتیارانی خۆیانی داوە و تەنیا ھەندێک ناوچەی کوردستانیی وەکو کەرکووک و نەینەوا و تکریتیش ماوە، ئەوەی دیکە ھەموویان دابەش کردووە".

موسلیم گوتیشی: "پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دینار ماوە تاوەکو ئێستا بەغدا ڕەوانەی نەکردووە، ئێمەش وەکو حکوومەت و وەزارەتی بازرگانی لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی پارەکە ڕەوانە بکەن، چونکە پێویستە دوای ھەفتەیەک لە ڕادەستکردنی گەنم، پارەی جووتیاران بدرێت".

دەشڵێ: "دەبوو دوای ڕادەستکردنی گەنم پارەکە ڕەوانە بکرێت، وەلێ ئەمجارە حکوومەتی عێراق گەنمێکی زیاتری لەوەی دیاری کرابوو کڕیوە، بەڵام خۆم قسەم لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق کردووە و بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا پارەی گەنمی جووتیارانی کوردستان ئەوەی ماوە ڕەوانەی بکەن و ئەو گرفتەش چارە دەکرێت".

لە ئێستادا ساڵانە پلان بۆ کڕینی گەنمی جووتیاران دادەنرێت و بودجەشی بۆ تەرخان دەکرێت و دوای ھەفتەیەک لە ڕادەستکردنی گەنم، پارەی جووتیاران خەرج دەکرێت، بەڵام ئەمساڵ بەغدا سەرەڕای ئەوەی ھەموو گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستانی وەرنەگرت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دیناریشی نەناردووە.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار