سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازى له فهرماندهى هاوپهیمانان كرد

ھەولێر-KDP.info- بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٤/٨/٢٢، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێز جەنەراڵ کیڤن لیھی، فەرماندەی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق و سووریا و شاندێکی یاوەری، دۆخی ئەمنیی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
ھەردوولا ھاوڕا بوون کە داعش ھێشتا مەترسییەکی جددی و ڕاستەقینەیە و بە پەلامارەکانی لە عێراق و سووریا، ھەڕەشەی بەردەوام لە ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە دەکات. لەمبارەیەوە جەختیان لە گرنگی و پێویستیی بەردەوامیی ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ھاریکاریی ھاوبەشی سوپای عێراق و پێشمەرگە لەگەڵ ھێزەکانی ھاوپەیماناندا کردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دڵنیابوونەوە لە تێکشکاندن و لەناوبردنی یەکجارەکیی داعش.
لە تەوەرێکی دیکەدا دوایین ھەنگاوەکانی پرۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە و چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە خرانە بەر باس و داکۆکی لە سەرخستنی پرۆسەکە کرا، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان موکوڕە لە سەرخستنی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە و نەھێشتنی تەگەرەکانی بەردەمی، ھەروەھا ستایشی ھاریکاری و پشتگیریی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە پرۆسەکە کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێزان وەزیری پێشمەرگە، سوپاسالاری پێشمەرگە و کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، باس لە دوایین پێشھاتەکان و ئەگەر و لێکەوتەکانی دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کرا، ھەردوولا جەختیان لە پێویستیی پاراستنی سەقامگیری و دوورخستنەوەی ناوچەکە لە پشێوی و ئاڵۆزیی زیاتر کردەوە.




