حکوومەت نزیکەی ٣٠٠ پڕۆژەی لە زاخۆ جێبەجێ کردوون

زاخۆ-KDP.info- جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەڵێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەم چەند ساڵە ٢٨٦ پڕۆژەی جۆراوجۆری لە زاخۆ ئەنجام داوە، بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا کۆمەڵێک پڕۆژەی تازە و گرنگ و ستراتیژی بکەونە بواری جێبەجێکردن، بۆیە زاخۆ بەراورد بە ڕابردوو پێشکەوتنێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە.
ھێژا محەمەد، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای دەستبەکاربوونی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تا ئێستا ٢٨٦ پڕۆژە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ کراون، لەوانە ٢٠١٦ تەواو بوونە و ٧٠ش لە بواری جێبەجێکردن دان لە تەواوی سێکتەرەکان، لەوانە، دروستکردنی جادە بە سەدان کیلۆمەتر، دروستکردنی ئاوەرۆ، ڕێگای گوندەکان، قوتابخانە، نەخۆشخانە، بنکەی تەندروستی، بنکەی گەشتوگوزاری و قۆناغی دووەمی کۆڕنیشی زاخۆ و ڕۆناکی شەقامەکان و پڕۆژەی کارەبا، ھیچ سێکتەرێک نییە کاری لەسەر نەکرابێت، بۆیە خەڵکی زاخۆ زۆر دڵخۆشن بەو پڕۆژە و پێشکەوتنەی زاخۆ لەماوەی ئەم چەند ساڵە بەحۆیەوە دیوە، ئەو گەڕەکانەی بە زیادەڕۆش دروستکرابوون، خزمەتگوزارییان بۆ دابین دەکرێت.
ھێژا محەمەد گوتیشی: بڕیارە بۆ ئەمساڵیش بودجەیەکی تایبەتمان بۆ تەرخان بکرێت، لە ماوەی کتمتر لە مانگێک کۆمەڵێک پڕۆژەی گرینگ و ستراتیژی ڕادەگەینین، شایانی باسە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی گرینگی زۆر بە زاخۆ دەدات، پێشتر ٦٥%ی جادەکانی زاخۆ قیڕتاو نەکرابوون، ئێستا بە ڕێژەی ٨١%ی قیڕتاو کراون و بەردەوامیش دەبین تا ھەمووی قیڕتاو دەکرێت.
محەمەد باسی لەوەش کرد: پێشتر نەخۆشخانەی لەدایکبوون لە زاخۆ نەبوو، ئێستا دروست دەکرێت و بە ڕێژەی ٦٠%ی تەواو بووە، ھەندێک ئامێری پزیشکیشمان بۆ دابین کراوە کە لەسەر ئاستی ھەرێم و عێراق بەو کوالێتییە نییە، بۆیە زاخۆ زۆر پێشکەوتووە، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بەڕێژەی ٢٠٠% پێشکەوتووە.
بڵند ئیبراھیم




