فراکسیۆنی پارتی سوورە لەسەر ئەوەی یاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە پەسەند بکرێت

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەجدی لەسەر خەتە بۆ ئەوەی لە دانیشتنەکانی دوای پشووی چلەی ئیمام حوسێن پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی کار و پەسەند بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەکی زۆری واژۆ کۆکراونەتەوە.
دکتۆر محەممەد سدیق خۆشناو، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ھەر بەرنامەیەک بۆ پەرلەمان بێت خەڵکێک لێی ھەڵدەستێت و دەیەوێت یاسایی خۆشیان بێنن بۆ پێشەوە و بخرێتە بەرنامەی کار، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیە ھەموو فراکسیۆنەکان لەگەڵ بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە دان و تا ئێستا ھەندێک ھەن باسی پەسەندکردنی ئەو یاسایە دەکەن بە پارێزگابوونی تەلەعفەر و ھەندێک شوێنی دیکە دێننە پێشەوە بۆ ئەوەی دوابخرێت، بۆیە ھەوڵدەدەین پەسەند بکرێت بەھۆی ئەوەی ھەڵەبجە لە ھەرێمی کوردستان بۆتە پارێزگا و وەکو پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و دانی پێدانراوە، بۆیە کار دەکەین دوای چلەی ئیمام حوسێن بگەڕێینەوە بۆ بەغدا ئەو یاسایە بخرێتە بەرنامەی کار و پەسەند بکرێت.
خۆشناو گوتیشی: خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیشی بۆ کراوە و ژمارەیەکی زۆری واژۆش کۆکراوەتەوە بۆ ئەوەی ئەو یاسایە بخرێتە بەرنامەی کار و دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت، ھەوڵدەدەین لە دانیشتنەکانی داھاتوو پەسەند بکرێت، لەبەر ئەوە ھەمووان لە ھەوڵدان بەتایبەت فراکسیۆنی پارتی بە جدی کاری لەسەر دەکات و سوورە لەسەر ئەوەی یاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی کار و دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




