٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لوقمان حوسێن: له‌سه‌ر ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر جووتیارانی كورد نوێنه‌رانی پارتی هاتوونه‌ته‌ سه‌رخه‌ت

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- بەرپرسی بەشی ڕێکخستن لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک - گەرمیان گوتی، بەداخەوە تا ئێستا کێشەی زەوی و زاری کورد لە سنووری کەرکووک بە تەواوی چارەسەر نەکراوە و ھەر ڕۆژەو لە ناوچەیەک گرفت بۆ کورد دروست دەکرێت، بەڵام لە ڕێگەی نوێنەرانی ئێمە لە ئەنجوومەن و پەرلەمانی عێراق ئەو گرفتە چارەسەر دەکەین.

لوقمان حوسێن، بەڕێوەبەری پێشووی ناحیەی سەرگەڕان و بەرپرسی بەشی ڕێکخستن لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک - گەرمیان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: تاوەکو ئێستا ئەو کێشەیە چارەسەر نەکراوە بەردەوام عەرەبی ھاوردە ھێرشی سەر کوردەکان دەکەن لە سنووری سەرگەڕان و دووبز و خانەقین و تا پردێش، ئەمڕۆش جارێکی دیکە لە گوندی عەلەغێری سەر بە دووبز ھێرشی سەر کوردەکان کراوە و داوایان لێ دەکەن چۆڵ بکرێت، ناکرێت ھێرشکردن بۆ سەر کوردەکان بەو شێوەیە بەردەوام بێت کە بە تەنھا عەرەبی ھاوردە نین و بە ھاوکاری سوپای عێراق دەچنە سەر کوردەکان و تەعدایان لێ دەکەن.

لوقمان حوسێن گوتیشی: نوێنەرانی ئێمە لە ئەنجوومەن و لە پەرلەمانی عێراق ھەموو جارێک کۆتایی بە کێشەکە دێنن جارێکی دیکە عەرەبەکان دەچنە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک نووسراوێک دێنن دەچنە سەر کوردەکان و تەعدا لە کورد دەکەن، بۆیە ئێستا نوێنەرانی ئێمە لەسەر خەتن بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، چونکە ئێمە ھەمیشە بەرگری لە خەڵکی خۆمان دەکەین و بێ دەنگ نابین، لەبەر ئەوەی بەئەرکی خۆمان دەزانین ھەمیشە لەگەڵ خەڵکی خۆمان بین و گرفتەکانیان چارەسەر بکەین.

ناوەناوە عەرەبی ھاوردە لە سنووری کەرکووک دەچنە سەر گوندە کوردیەکان و داوای چۆڵکردنیان لێ دەکرێت، بەڵام ھەموو جارێک نوێنەرانی پارتی دێنە سەرخەت و ئەو کێشەیە چارەسەر دەکەن و ڕێگە نادەن تەعدا لە کورد بکرێت.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار