فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق: لە پشتیوانیی کردنی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبین

ھەولێر-KDP.info- فەرماندەی ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق ڕایدەگەیەنێت، ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە پشتیوانییی ھێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبن.
وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی کردەوە، فەریق سیھاد بارزانی فەرماندەی ھێزەکانی پشتیوانیی یەک، پێشوازیی لە جەنەڕاڵ ھـام، فەرماندەی گشتیی ڕاوێژکارانی سەربازیی ھاوپەیمانان لە عێراق و کۆلۆنێل برەندستێتر، سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکارانی ھاوپەیمانان لە کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا، فەریق سیھاد بارزانی فەرماندەی ھێزەکانی پشتیوانیی یەک، ھاوکاریی ھاوپەیمانان و پاڵپشتی بەردەوامی ڕاوێژکارەکانیان بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە بەرز نرخاند.
جەنەڕاڵ ھام، فەرماندەی گشتیی ڕاوێژکارانی سەربازیی ھاوپەیمانان لە عێراق، دڵخۆشیی خۆی پیشان دا کە پەیوەندییەکی باش لەنێوان ھێزەکانی ھاوپەیمانان و ھێزەکانی پێشمەرگەدا ھەیە، ھاوکات پاڵپشتیی و پشتیوانیی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بۆ فەرماندەیی ھێزەکانی پشتیوانی یەک و پێشمەرگە دووپات کردەوە.




