سەنتەرێکی تایبەت بە دۆزینەوەی چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە دادەمەزرێندرێت
111__2024_08_21_h19m44s36__RM.jpg)
ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر پڕۆژەیەک دەربڕی کە کردنەوەی سەنتەرێکی تایبەت بە دۆزینەوەی ھۆکار و چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجەیەو پڕۆژەکە لەلایەن پسپۆڕێکی تایبت بە نەخۆشییە بۆماوەییەکان پێشەکەشی ئەنجوومەنی وەزیران کرابوو.
ئازاد نوری عەوڵا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری ھونەری لە دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان و ئەندامی لیژنەکە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەو پڕۆژەیە، پرۆفیسۆر دکتۆرە گەلاوێژ سیان پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان و پسپۆر لە بواری نەخۆشییە بۆماوەییەکان پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردبوو، سەرۆکی حکوومەتیش ئەو پڕۆژەیەی پێ باش بوو، بۆ ئەوەی سەنتەرێک بۆ کارکردن لە ڕووی داتا و زانیاری و وردەکاری دابمەزرێت، بۆ دیاریکردنی ھۆکار و چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە لە ھەرێمی کوردستان، چونکە زۆر ھۆکار ھەن ئەو نەخۆشییە بڵاو دەکەنەوە، بەشێک لەوانە پەیوەندییان بەژینگەوە ھەیە، بەشێکیشی بۆماوەییە و ھۆکاری دیکەش ھەن، بۆیە سەنتەرێکی توێژینەوەی نیشتمانی شێرپەنجە لە ھەرێمی کوردستان دادەمەزرێت.
ئازاد نوری عەوڵا گوتیشی: لیژنەیەکی باڵا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکهێندراوە، ئێمەش ئەندامی ئەو لیژنەیەین و یەکەم کۆبوونەوەش ئەنجام دراوە و تێیدا گفتوگۆ و ھەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژەکە کراوە، بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکەین و لەڕێگەی توێژینەوەی زانستی ھۆکارەکان و چارەسەریشی دیاری بکەین، ھەر بۆیە لە ھەنگاوی یەکەمدا بڕیارە سێ بەش لە ھەر سێ پارێزگای ھەرێمی کوردستان بکرێنەوە، دواتریش فراوان بکرێت و بکرێتە سەنتەرێکی فراوان، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی گرینگە و سەرۆکی حکوومەت خۆی ڕەزامەندی لەسەر داوە و گرینگی زۆر بە ژینگە و بواری تەندروستی دەدات.
بڵند ئیبراھیم




