٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نەخۆشخانەیەکی ١٠٠ قەرەوێلەیی لە مەخموور دروست دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

مەخمور-KDP.info- بڕیارە لە قەزای مەخموور نەخۆشخانەیەکی ١٠٠ قەرەوێلەیی دروست بکرێت، سەرۆکی حکوومەت ڕەزامەندی داوە بۆ تەرخانکردنی زەوی بۆ درووستکردنی نەخۆشخانەکە کە بە ٧٠ملیار دینار دروست دەکرێت.

شێروان دووبەردانی، سەرۆکی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی:  دوای ئەوەی ئیدارەی قەزای مەخموور داوای کرد نەخۆشخانەیەکیان بۆ دروستبکرێت، چونکە زۆر پێویستە، بەحوکمی ئەوەی مەخموور لەڕووی ئیداری سەر بە پارێزگای ھەولێرە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی داوە زەوی بۆ نەخۆشخانەکە تەرخان بکرێت و، نەخۆشخانەیەکی ١٠٠ قەرەوێلەیی بۆ مەخموور دروست دەکرێت.
شێروان دووبەردانی گوتیشی: بە هەوڵی فراکسیۆنی پارتی ڕەزامەندی خەرجکردنی زیاتر لە ٧٠ملیار دینار لە بەغدا بۆ ئەو نەخۆشخانەیە وەرگیراوە.
لای خۆشیەوە جێگری پارێزگاری ھەولێر، مەسعود محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە ئامادەیە و ھاوکارە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی مەخموور، بەھۆی ئەوەی مەخموور لەڕووی ئیداری سەر بە پارێزگای ھەولێر و ھەرێمی کوردستانە، بۆیە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە بودجەی ئەمساڵی ھەولێر ٦ملیار و ٥٠٠ملیۆن دیناریان بۆ تەرخان کراوە بۆ ئەوەی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە مەخموور و دەوروبەری ئەنجام بدرێت، بۆیە ئیدارەی قەزای مەخموور خۆیان پڕۆژەکان دیاری دەکەن بۆ ئەوەی پێویستیان بە چ جۆرە پڕۆژەیەک بێت ئەو ئەنجام بدەن.

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار