قۆناغی دووەمی کۆڕنێشی زاخۆ دەستیپێکرد

زاخۆ-KDP.info- بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەڵێت، قۆناغی دووەمی کۆڕنیشی زاخۆ دەستی پێکردووە بە درێژایی زیاتر لە (٣)کم و بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت پلانمان وایە زاخۆ ببێتە بەھێزترین مەڵبەندی گەشتیاری لەسەر ئاستی عێراق.
چیا ئەمین، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای ئەوەی بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زاخۆ بووە ئیدارەیەکی سەربەخۆ لە چوارچێوەی سێکتەری گەشتوگوزار پێشکەوتنێکی یەکجار زۆری بەخۆیەوە بینیووە بەپێی پلانی گەشتیاری دانراوە، کە لە سەرەتا گرنگی بە کۆڕنیشی زاخۆ بدەین و پەرەی پێبدەین، ھەروەھا بەسەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان توانیمان لە ماویەکی کەمدا کۆڕنێشی زاخۆ قۆناغی یەکەم ئەنجام بدرێت و ببێتە واقع و ببێتە سیمبوڵی کەرتی گشتوگوزار بە درێژایی (١)کم و بە خۆشحاڵیەوە بەفەرمانی سەرۆکی حکوومەت قۆناغی دووەمی کۆڕنێشی زاخۆ دەستیپێکرد، بەدرێژایی زیاتر لە (٣)کم بە تەواوبوونی زیاتر لە (٥)کم کۆڕنێشی زاخۆ دەکەوێتە خزمەت ھاووڵاتی و گەشتیاراندا.
چیا ئەمین گوتیشی: ئەو کۆڕنیشە توانی ئاستی کوالێتی گەشتوگوزاری زاخۆ بباتە قۆناغێکی زۆر باش ئەنجامیشی ئەوە بوو ڕێژەی گەشتیاری بە ڕێژەیەک زیاد بکات و بنکە و شوێنە گەشتیاریەکانیش کەوتوونەتە کار و داھاتیشی زیادکردووە، بۆیە لە کابینەی نۆیەم کەرتی گەشتیاری چۆتە قۆناغێکی دیکەوە.
ئەمین باسی لەوەشکرد: چەندین شوێنی گەشتیاری ھاتوونەتە نۆژەنکردن و خزمەتگوزاریان بۆ دابینکراوە بەتایبەت لە قەزای باتیفا و ناحیەی دەرکاری کە بوونەتە سیمبوڵی گەشتوگوزاری ھاوینە و لەسەر ئاستی کەرتی تایبەت پڕۆژەی ستراتیژی ئەنجامدراون وەکو دروستکردنی ھۆتێلی پێنج ئەستێرە و پارکی گشتی و بەدەیان پڕۆپۆزەڵ پێشکەشکراون بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی تازە لەرێگەی وەبەرھێنانی زاخۆ، بۆیە ئەو پلانەی دامانناوە لە قۆناغێکی نزیکدا ئەنجامی پڕۆژەکان دەبیندرێت و ئامانجی ئێمە ئەوەیە پلانی سەرۆکی حکوومەت بۆ زاخۆ ببێتە بەھێزترین مەڵبەندی گەشتیاری لەسەر ئاستی عێراق.
بڵند ئیبراھیم




