فراکسیۆنی پارتی بۆ KDP: مەرجمان ھەیە بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکان

مووسڵ-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتی، لە ئێستادا لەناو ئەنجوومەن زۆرینە نەماوە و ھیچ کۆبوونەوەیەک بەبێ ئێمە ئەنجام نادرێت، ئێمەش مەرجمان ھەیە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن دەستپێبکاتەوە، کە نزیکەی دوو مانگە ڕاگیراون و ئەنجوومەن بە مردوو حیسابە.
ئەندازیار ئەحمەد شێخ کەنعان کیکی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پێشتر لە ئەنجوومەن زۆرینە ھەبوو کە ١٦ ئەندام بوون، ئێستا بوونەتە ١٥ ئەندام و ئێمەش ١٤ ئەندامین، بۆیە ناتوانن ھیچ کۆبوونەوەیەک بەبێ ئێمە ئەنجام بدەن و پێویستە ئێمە بەشداربین، ئێمەش دوای ئەو کۆبوونەوە نا یاسایەی ئەنجامدرا بۆ گۆڕینی بەرپرسی یەکە ئیداریەکان بەبێ ڕێککەوتن و تەوافق بەشداری ھیچ کۆبوونەوەیەک ناکەین و مەرجمان ھەیە بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکان ئەویش گۆڕینی سەرۆکی ئەنجوومەنە و پێویستە بڕیارەکانیش بە تەوافق و ڕێککەوتن بێت ئەگەرنا ئێمە بەشدار نابین.
ئەندازیار ئەحمەد شێخ کەنعان کیکی گوتیشی: ئێستا ئەنجوومەن بەمردوو حیسابە و ھیچ کرداری نیە، بۆیە پێویستە ھەر کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدرێت ئێمەش بەشداربین ئەگەرنا نیسابی یاسایی تەواو نابێت بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە.
کیکی باسی لەوەشکرد: سەرۆکی ئەنجوومەن کاری نایاسایی ئەنجامداوە و ھەڵەیکردووە، بۆیە پێویستە لابدرێت بۆ ئەوەی ئێمە بەشداری لە کۆبوونەوەکان بکەینەوە، ھەر چەندە پارێزگار گۆڕانکاری بەرپرسە ئیداریەکانی ڕەتکردەوە و ئێستا ئەو پرسە لە دادگایە و چاوەڕێ دەکرێت یەکلایی بکرێتەوە.
بڵند ئیبراھیم




