حکوومەت دووجار داشکاندنی کردووە و زیاتر لە ٥٨٨ ھەزار کەس سوودمەند بوون

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دووجار داشکاندنی لە قەرزی ئاو بۆ ھاووڵاتیان کردووە، کە تا ئێستا زیاتر لە ٥٨٨ ھەزار کەس سوودمەند بوونە، کە بڕی داشکاندنیش زیاتر لە ١٢ ملیار دینارە.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە ھەرێمی کوردستان قەرزی ئاوی سەر ھاووڵاتیان نزیکەی ٦٤١ ملیار دینارە و ژمارەی ھاوبەشانی ئاویش نزیکەی ملیۆنێک و ٢٠٠ ھەزارە، کە لە ماوەی سێ ساڵدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دووجار داشکاندنی کردووە، جارێک بە ڕێژەی ١٥% و جارێکیش بە ڕێژەی ٢٠%، ئەمەش لەپێناو پاڵپشتی و ھاوکاری خەڵکی خۆمانە بۆ ئەوەی بتوانن قەرزی خۆیان بدەنەوە.
ئاری ئەحمەد گوتیشی: ئەو کەسانەی لە داشکاندنی قەرزی ئاو لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە سوودمەند بوونە ٥٨٨ ھەزار و ٣٧٣ کەس بووە، ھاوکات ١٢ ملیار و ٨٧ ملیۆن و ٩٤٢ ھەزار بڕی ئەو پارەیە حکوومەتی ھەرێم داشکاندنی بۆ ھاوبەشەکانی کردووە.
ناوبراو دەشڵێت: ئێمە وەکو ئاوی ھەرێمی کوردستان چوار زۆنیشمان ھەیە ئەوانیش دھۆک، ھەولێر، ھەڵەبجە و سلێمانی.
بڵند ئیبراھیم




