بە ھەوڵی فراکسیۆنی پارتی بایی ملیاران دینار پڕۆژە بۆ ناوچە کوردستانییەکان ئەنجام دەدرێن

مووسڵ -KDP.info- سەرۆکی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق گوتی: بە ھەوڵی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەزامەندی ملیاران دینارمان بۆ چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ناوچە کوردستانییەکان وەرگرتووە و ئێستا لە بواری جێبەجێکردن دان، بەردەوامیش دەبین تا خزمەتگوزاری بۆ ھەموو گوندەکانی دابین دەکرێت.
شێروان دووبەردانی، سەرۆکی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێمە وەکو نوێنەرانی کورد لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ماوەی ساڵێکە خەریکی گەڕاندنەوەی ڕەزامەندین بۆ کۆمەڵێک پڕۆژە لە سنووری پارێزگای مووسڵ، لە بواری کارەبا، ئاو، ڕێگاوبان و تەندروستی، چەندین پڕۆژەش لە جێبەجێکردن دان، لەوانە بنکەیەکی تەندروستی گەورە بە زیاتر لە ملیارێک دینار لە گوندی دووبەردان، لە قۆناغی تەواوبوون دایە، لە زومار تا دەگاتە حەمدانیە و بەرتلە پڕۆژەی جۆراوجۆریان بۆ ئەنجام دەدرێت، پڕۆژەکان لە ٥٠٠ملیۆن دینار تا ملیارێک و تا دووملیار دیناریش دەڕوات، بەپێی قەبارەی پڕۆژەکە، دروستکردنی ڕێگای خازر تا سێ ملیار دیناری تێدەچێت.
شێروان دووبەردانی گوتیشی: ئێمە هەر لەسەر ئاستی قەزا وناحیەکان نا، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی کار دەکەین بۆ ئەوەی گوندەکانیش پڕۆژەیان بۆ ئەنجام بدرێت.
بڵند ئیبراھیم




