پیرۆزبایی حزبهكان بۆ ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان

ھەولێر-KDP.info- ھەریەکە لە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، بە بۆنەی ١٦ی ئاب، یادی لە دایکبوونی سەرۆک بارزانی و ھەروەھا ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، برووسکەی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک بارزانی و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن، ئەمەی خوارەوەش دەقی برووسکەی پیرۆزباییەکانن:
برووسکەی پیرۆزبایی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە.
بۆ بەڕێز: مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
سڵاوێکی گەرم:
بە بۆنەی ٧٨ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پڕ بە دڵ پیرۆزباییتان لێ دەکەین و بەرەو پێشچوون و سەرکەوتنتان بە ئاوات دەخوازین.
ھیوادارین گەلی چەوساوە و ستەملێکراوی کورد لە ھەموو پارچەکانی کوردستان بە ھاوخەباتی و پشتبەستن بە ھێزی لەبن نەھاتووی جەماوەر بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی شاد بێت و ھەرێمی کوردستانیش ببێ بە کانگای ئاشتی و تەبایی و ژیانی بەختەوەرانە بۆ دانیشتووانەکەی، ئەو جۆرەی کە شایستەی ڕەنج و قوربانیدانێکی بێ ئەژمار بێت کە لەو پێناوەدا داویەتی جارێکی تر ئەو بۆنەیەتان لێ پیرۆز بێت.
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
ئیبراھیم عەلیزادە
١٦ی ئابی ٢٠٢٤
--------------------------------------------------
برووسکەی پیرۆزبایی بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
زۆر بەڕێزان جەنابی سەرۆک و سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان.
ئەندامانی هێژای سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی
١٦ی ئاب، ٧٨هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئەو پارتەی کە لە پرۆسێسی دامەزراندن، شکڵگرتن و پەرەگرتنیدا وەک پارتێکی مۆدێرن و سەردەمیانە، بە کردەوە توانی ئەرک و ڕەساڵەتی ئۆرگانیزەکردنی ڕیزەکانی گەل بەجێ بگەیەنێ و لە ڕاستای تەبدیلی ئیرادەی گەلی مافخوراوی کورد، بە ئیرادەیەکی سیاسی/ نەتەوەیی و شووناسخوازانە، بەرپرسانە ڕۆڵی پارتێکی مێژووساز و پڕ لە شانازی و سەروەریسازانە بنوێنێت.
ئاشکرایە کە پارتی دیموکرات لە مێژووی ٧٨ ساڵ ژیان و تێکۆشانی سیاسیدا، تووشی قۆناغ گەلێکی پڕ لە هەوراز و نشێو و، لێژاو لە سەرکەوتن و داکەوتن هاتووە، بەڵام سەرئەنجام لە ئەنجامی پەیڕەوکردنی سیاسەتی نەتەوەخوازانە، حەکیمانە، بە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی گۆڕەپانی خەبات، توانی لە بەرەکانی شەڕ و ئاشتی و حەوزەی هەڵسوکەوتی سیاسی و دیپلۆماسیدا، ڕێگا و ڕەوڕەوەی خەباتی سەختی کورد و کوردایەتی بەرەو ئاسۆی سەرکەوتن و لوتکەی هیوا و ئامانجەکانی نەتەوەیی کورد هیدایەت بکات و لە ئەنجامدا عەمەلەن شکلێکی موومکین لە سەروەریی سیاسیی کوردان، لەسەر ئاستی ئەسڵی مافی دیاریکردنی چارەنووس لە باشووری کوردستاندا، بچەسپێنێت. سەروەرییەک کە لە ژێر هیدایەتی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی و بەشداریی چالاکانەی نیشتمان خۆشەویستان و پێدانی دەنگی نزیک بە ٩٣ لە سەد "بەڵێ"ی خەڵک لە پرۆسێسی ڕێفراندۆمی ٢٥-٩-٢٠١٧ دا، بەرەو ساغکردنەوەی دەوڵەت - نەتەوە - دیموکراتیک، و ڕاگەیاندنی "کیانی سەربەخۆی کورد" لە باشووری کوردستان، جەهەتدار کرابوو، بەڵام مەخابن ئەم پڕۆژەی دەوڵەت - نەتەوەسازییە لە ئەنجامی مئامرە و ساتووسەودای بەرژەوەندیخوازانەی زلهێزانی جیهانی و ناوچەیی و هەروەها کارەساتە دڵتەزێن و چاوەڕواننەکراوەکەی کەرکووک، ئیمکانی بە ئەمری واقیعکردنی، لێ قەتیس کرا.
بزوتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ ئاراستەکردنی پیرۆزبایی بەبۆنەی ٧٨هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و هەروەها بەبۆنەی لە دایکبوونی بەڕێز سەرۆک مەسعوود بارزانی، پیرۆزبایی لە بەڕێزیان و سەرکردایەتیی پارتی و گشت ئەندام و لایەنگران و پێشمەرگە قارەمانەکانی بەرەکانی شەڕ و ئاشتی و هەروەها گشت خەڵکی نیشتیمانپەروەری کوردستان دەکات.
بەڕێزان..
بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ٧٨ ساڵ مێژوویی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێناو دەستەبەرکردنی سەروەریی سیاسی و بەئەمری واقیعکردنی ئەسڵی مافی دیاریکردنی چارەنووس لە شکڵی موومکینی هەنووکەیی خۆیدا، واتە "دەستەبەرکردنی سەروەری سیاسی لە شکلی دامەزراندنی حکوومەتێکی نیوەسەربەخۆی خاوەن کەساییەتی حقوقی لە ئاستی ناوچەیی و جیهانی "دا، بە گرینگ وەسف دەکات و دەقەبڵێنێ، وە هەر لەم ڕاستایەشدا تێکۆشانی گشت ڕەهەندی و ماندوونەناسانەی سەرۆک مەسعوود بارزانی لەپێناو دامەزراندنی دەوڵەت - نەتەوە و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور، بەرز و پیرۆز و مێژووساز دەنرخێنێت.
بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
١٦-٨-٢٠٢٤
--------------------------------------------------
برووسکەی پیرۆزبایی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان.





