٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەبدولڕەحمان سدیق: پارتی لە پەیڕەو و پڕۆگرامیدا ماددەی (٥٩)ی بۆ ژینگە تەرخان کردووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستان گرینگییەکی زۆر بە پاراستن و چاککردنی ژینگە دەدات، بۆ ئەو مەبەستەش لە کۆنگرەی ١٤ ماددەیەکی تایبەتی لە پەیڕەوی خۆیدا بۆ ژینگە تەرخان کردووە، بۆیە ڕوانینە پرسی ژینگە وەک خەمێکی نەتەوەیی لە پڕۆگرامی پارتی دیموکراتی کوردستاندا پێویستییەکی سەردەمە و زۆر ئامانجی مەزن لەخۆ دەگرێت.

ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەگەرچی خەمی ژینگە لە بنەڕەتدا خەمێکی ئینسانی و سەرتاسەریی جیھانییە، بەڵام بەھۆی سیاسەتی ستەمکارانەی داگیرکارانەوە، سەدان ساڵە ژینگەی کوردستانیش وەک دانیشتووانەکەی بەردەوام کەوتووەتە بەر شاڵاوی تێکدان و پیسکردن، بۆیە ڕوانینە پرسی ژینگە وەک خەمێکی نەتەوەیی لە پڕۆگرامی پارتی دیموکراتی کوردستاندا پێویستییەکی سەردەمە و زۆر ئامانجی مەزن لەخۆ دەگرێت، وەک داڕشتنی ستراتیژییەتێکی نەتەوەیی بۆ پاراستن و چاککردنی ژینگە و گەشەدان بە کوالێتی ژیان و  ھاوکاریی و ھەماھەنگیی نێوان حکوومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی و ھاووڵاتییان و کارکردن لە پێناو پێکەوەژیانی مرۆیی بۆ بەدیھێنانی ئاشتی و ئارامی، چونکە ژینگە ھەمیشە لە سایەی ئاشتیدا پارێزراو و پاکتر دەبێت.

سدیق گوتیشی: گرنگترینی بابەتە ژینگەییەکان لە پڕۆگرامی پارتی دیموکراتی کوردستاندا دیارن، ھەنگاوی یەکەم بۆ پاراستنی ژینگە لەلایەن ھەر حزبێکی سیاسییەوە بریتییە لە دانان و جێکردنەوەی بابەتی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە پەیڕو و پڕۆگرامیدا، بۆ ئەم مەبەستەش پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەی (١٤)دا ماددەی (٥٩)ی بۆ ژینگە تەرخان کردووە، تیایدا ھاتووە "پارتی کار دەکات بۆ : بڵاوکردنەوەی ھۆشیاریی ژینگەیی پاراستنی ژیانی کێوی و جۆراوجۆریی بایۆڵۆژی نەبەزاندنی سنوورەکانی توانای ژینگە و سەرچاوە سرووشتییەکان و کەمکردنەوەی پیسبوون بە ڕەچاوکردنی پڕەنسیپەکانی گەشەپێدانی بەردەوام".

دەشڵێت: سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتان بۆ پاککردنەوەی ژینگەی وڵاتەکەمان گرنگە، لەگەڵ زیادکردنی پانتایی سەوزایی و پاراستنی ھاوسەنگیی ژینگەیی بۆ ڕێگریکردن لە بەبیابانبوون و کارەساتی ژینگەیی و سرووشتی پاککردنەوەی ھەموو کوردستان لە مین و  فراوانکردنی ناوچە پارێزراوە سرووشتییەکان و دووبارە بەکارھێنانەوەی خاشاک بەشێوەی زانستی و مۆدێرن و بایەخدان بە دامەزراوەکانی ژینگەپارێزی و فراوانترکردنی چەمکی خۆشەویستکردنی سرووشت و ژینگە لەناو خەڵکدا".

سدیق باسی ڕەنگدانەوەی پێگەی ژینگەی لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا کرد: پێگەی ژینگە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا لە بەرزترین ئاستدایە، کاتێک دەبینین کارنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە: (ژینگەی کوردستان گەورەترین سەرمایەی ھەرێمە)، لەبەر ڕۆشنیایی ئەم دروشمەشدا دەستەی ژینگە کە دەستەیەکی چاودێریی و ھەماھەنگیی ژینگەییە، کار لەسەر ھەڵسەنگاندنی کاریگەرییە ژینگەییەکان و ڕەزامەندییدان بە پڕۆژەکان و  چاودێریکردنیان دەکات، ھەروەھا ھەماھەنگیی دەکات لەگەڵ وەزارەت و دەستە جێبەجێکارەکان و کاریش لەسەر بڵاوکردنەوەی ھۆشیاریی ژینگەیی دەکات بە مەبەستی بەدیھێنانی ئامانجەکانی لەھەر سێ چەمکی (پاراستن، چاککردن، گەشەپێدانی بەردەوام)، بە ئامرازەکانی وەک (ھۆشیاریی، یاسا، تەکنۆلۆژیای نوێ). 

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار